کەس نییە پاسەوانی لە کتێبەکانی ئامێدی بکات
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
کتێبخانە تاقانەکەی ئامێدی هەشت مانگە بێ پاسەوانە، هەر ئەوەندەش نا، بەڵکو کامێرای چاودێریشی نییە، بەڕێوەبەری کتێبخانەکە دەڵێت مانگانە 75 هەزار دیناریان بۆ دابینکراوە بۆ خەرجیی کتێبخانەکە.
964+ سۆراغی ئەوەی کردووە، کە کتێبخانەکە دوو پاسەوانی هەبووە، بەڵام لە ماوەی ساڵانی 2021 و 2022 هەردووکیان خانەنشین بوون. بەڵام لەو ماوەیەشدا هیچ دزییەک لە کتێبخانەکە نەکراوە.
سەلمان زوبێر، بەڕێوەبەری کتێبخانەی ئامێدی بە 964+ـی وت: پۆلیس و ئاساییش و لایەنە پەیوەندیدارەکانمان ئاگادار کردووەتەوە و نووسراوی فەرمییشمان ئاراستەی بەرێوەبەرایەتی گشتیی کتێبخانەکان کردووە بۆ دابینکردنی پاسەوان.”
کتێبخانە تاقانەکەی قەزای ئامێدی لە ساڵی 1989ـەوە کراوەتەوە و 12 هەزارو 200 ناونیشانی جۆراوجۆری تێدایە و رۆژانە 25 تا 30 هاووڵاتی سەردانی دەکەن.
“مانگانە 75هەزار دینارمان وەک خەرجیی کتێبخانەکە پێ دەدرێت و هیچمان پێناکرێت پێی” بەڕێوەبەری کتێبخانەکەی ئامێدی وای وت.
ئامێدی شارۆچکەیەکی سەر بە پارێزگای دهۆکە. مێژووی بۆ 3 هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە، 90 کیلۆمەتر لە دهۆک و 10 کیلۆمەتریش لە باکووری کوردستانەوە دوورە.
964+ دەزانێت، لە سنووری پاریزگای دهۆک هەشت کتێبخانەی گشتی هەن و ئێستا پێنجیان کراوەن و نزیکەی 100 هەزار ناونیشانیان تیادایە.