بۆ خانمان.. لەماڵەوە پشکنینی شێرپەنجەی مەمکت بکە

میدیازان – هەژین فەتاح – دهۆک

لە دهۆک هەفتەی هۆشیاری و بەرەنگاری شێرپەنجەی مەمک بۆ ژمارەیەک لە ئافرەتان بەڕێوەچوو، ئافرەتان خۆیان دەتوانن پشکنینی شێرپەنجە بۆ خۆیان بکەن.

شیلان عەبدولڕەحمان، بەرپرسی هۆبەی شێرپەنجە لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک بە میدیازانی راگەیاند، شێرپەنجەی مەمک یەکێک لە بەربڵاوترین جۆری شێرپەنجە لە کوردستان، لە ئێستادا رێژەی ٢٠٪ـی تووشبووانی شێرپەنجە لە کورستان، ئەوانەن کە شێرپەنجەی مەمکیان هەیە.

زیاتر وتی “ئەو نەخۆشییە زیاتر لە ئافرەتان هەیە، تاک تاکیش پیاو هەیە تووشی دەبێت”.

لە دیارترین نیشانەکانی شێرپەنجەی مەمک لە ئافرەتان، بوونی گرێ لە مەمکدا، پووکانەوەو رۆچوونی گۆی مەمک، سووربوونەوەی یان پووکانەوەی پێستی مەمک، دەرچوونی شلەمەنی لە گۆی مەمک و ئازارێکی جێگیر لە مەمکدا.

وەک دکتۆر شیلان عەبدولڕەحمان، باسی دەکات، لەم هەڵمەتی هۆشیارییەدا ئافرەتان فێر دەکرێن چۆن لەڕێگەی دەستلێدانی مەمکیان دەزانن شێرپەنجەی مەمکیان هەیە یان نا، وتی “راهێنانیان پێ دەکرێت کە دەستیان لەسەر سینگیان دابنێن و بە ئاراستەی میلی کاتژمێر و بەشێوەی بازنەیی دەستیان لەسەر مەمکیان دەجولێنن، ئەگەر دەستیان بە گرێ کەوت، ئەوا پێوسیتە یەکسەر سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن”.

بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٠ شێرپەنجەی مەمک بەڕێژەی ١٨.٥٨٪ لە پلەی یەکەم دێت بەراورد بەجۆرەکانی تری شێرپەنجە.

ناز نادر، ئافرەتێکی بەشداری هەفتەی هۆشیاریەکەیە دەڵێ، لەم هەڵمەتی هۆشیارییە زۆر شت فێر بووین لەبارەی ناسینەوەی ئاماژەکانی شێرپەنجەی مەمک.

لقی دهۆکی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، بەهاوکاری هۆبەی شێرپەنجەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک هەڵمەتەکەی دەستپێکردووە کە بڕیارە ماوەی هەفتەیەک بخایەنێت‌و ئەمڕۆ سێشەممە ١٨ـی تشرینی یەکەم، یەکەم رۆژی بوو.