ماڵی پێشمەرگەیەک سووتا

964+

کاروان ساڵح

بەهۆی گڕگرتنی سۆپای نەوتەوە، ماڵی پێشمەرگەیەک بەتەواوی سووتا، خاوەنماڵ نەیتوانی ئەو بڕە پارەیەش دەرباز بکات کە بۆ نەشتەرگەری منداڵە کەمئەندامەکەی داینابوو.

کاتژمێر یەک شەوی رابردوو، بە هۆی گڕگرتنی سۆپای نەوتەوە ماڵی هاوڵاتیەک لە گەرەکی کوردستان لە شاری کەرکوک بە تەواوی سووتاوە، تەنها فریای ئەوە کەوتوون گیانی خۆیان رزگار بکەن.

 هەرێم محمەد، تەمەن ۲٨ ساڵ کە پیشەی پێشمەرگەیە بە 964+ی وت “کاتژمێر یەک شەوی رابردوو سۆپای ماڵەوەم لە نێو ژوری خەوەکە داگیرسان، هاتمە نێو هوڵەکە دانیشتنم لەگەڵ خێزان و منداڵەکانم، ئەوە بوو دوای سێ خولەک دەرگاکەم کردە ویستم سۆپاکە بهێنم بۆ هۆڵەکە بینیم گڕیگرتوە تەنیا توانیم خێزانم و هەردوو منداڵەکەم رزگار بکەم”.

وتیشی، دوای نیو کات ژمێر تیمەکانی بەرگری فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنی روداوەکە، کاتێک گەیشتن سەرجەم کەلو پەلی ماڵەکە سوتابوو.

 خاوەنی ماڵەکە باسی لەوەشکرد، سەرجەم کەلو پەلەکانی نێو ماڵەکە سوتاون، هەروەها سوتانی بەڵگەنامەکان وەکو ناسنامەی باری شارستانی و فۆرمی خۆراک و کارتی نیشتەجێبون، لەگەڵ بڕی یەک مليۆن دینار کە بۆ نەشتەرگەری کوڕە کەمئەندامەکەی کۆی کردبوەوە.