ئەو کەسەی سووتاندویەتی دەستگیرکراوە

200 داری بەڕوو لە شوێنی دار بەڕووێکی 200 ساڵە دەچێندرێت

964+

فەهمی نەبی

مانگی رابردوو لە گوندی رێژنەی قەزای دەربەندیخان کەسێک دار بەڕوویەکی تەمەن 200 ساڵەی سووتاند، خەڵکی گوندی رێژنە لەگەڵ رێکخراوێکی ژینگەیی بڕیاریانداوە 200 داری بەڕوو لەشوێنی ئەو دار بەڕووەی سووتاوە بچێنن.

ئەمڕۆ دووشەممە، خەڵکی گوندی رێژنە ئاگادارییەکیان بڵاوکردوەتەوە دەڵێن، “بڕیارمانداوە رۆژی 4.1.2024 بەهاوکاری چەند رێکخراوێک ئەو هەڵمەتە ئەنجام بدەین، ئەو کەسانەشی لە سلێمانیەوە دەیانەوێت بەشداری لەو هەڵمەتە بکەن پاسیان بۆ دابین کراوە”.

هەڵوێست عەبدوڵا جێگری سەرۆکی رێکخراوی ئازادبوون بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، “ئەو کەسەی دارەکەی سووتاندووە، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە، بەڵام بە کەفالەت ئازادکراوە، خەڵکی گوندەکە سکاڵایان کردووە و داوادەکەن چیتر رێگە نەدرێت ژینگەی گوندەکەیان بشێوێندرێت، ئێمەش داوا دەکەین ئەو کەسە سزا بدرێت”.

خەڵکی گوندی رێژنە لەو ئاگاداریەی بڵاویان کردووەتەوە دەڵێن، “ئێمە چاوەڕێی حکومەتی هەرێمین تاوانباران بەسزای خۆیان بگەیەنن، ئەم دارە یادەوەری 200 ساڵەی باپیرانمان بووە و بەسوتاندنی گەورەترین زیانی بە ئێمە و ژینگە گەیاندووە”.

هەڵوێست عەبدوڵا دەڵێت، مەبەست لە چاندنی ئەو 200 دارە تەمەن یەک ساڵە ئەوەیە هەر دارێک بەرامبەر ساڵێکی تەمەنی ئەو دار بەڕووە بوو کە سوتێنراوە، دوای چاندنی ئەو دار بەڕووانە خەڵکی گوند خۆیان چاودێری دەکەن.

ئەو رێکخراو و لایەنانەی بەشداردەبن لە چاندنی 200 دار بەڕووەکان، تیمی ژینگەیی رێکخراوی ئازادبوون، رێکخراوی سروشتی کوردستان، دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی و رێکخراوی دڵسۆزانی دەربەندیخان لەگەڵ ژینگەدۆستان و دانیشتوانی گوندی رێژنە.

ئاگر هەناوی دار بەڕوویەکی 200 ساڵەی کرد بە خەڵوز

ئاگر هەناوی دار بەڕوویەکی 200 ساڵەی کرد بە خەڵوز