ئامێرە کارەبایەکان ئەسڵی نین
زۆرترین رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە سۆران هۆکاری شۆرتی کارەبا بووە
964+
فەهمی نەبی
تێبینیکراوە بەشی هەرە زۆری ئەو رووداوانەی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری ئیدارەی سۆران روودەدەن، بەهۆکاری شۆرتی کارەباوە بووە، وتەبێژی بەرگری شارستانی دەڵێت، بەشی هەرە زۆری رووداوەکان کارەبا هۆکارە.
رەوەند هاودیانی وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، کاتێک رووداوێکی ئاگر کەوتنەوە کۆنتڕۆڵ دەکەین، دوای پشکنین دەردەکەوێت، ئامێرە کارەباییەکان هۆکاری روودانی ئاگرەکەن.
بەوتەی رەوەند هاودیانی، بەشی هەرە زۆری ئەو ئامێرانەی دەبنە هۆکاری ئاگرکەوتنەوە کوالێتیان خراپە و لە بازاڕ بە نرخی هەرزان دەفرۆشرێن.
هەر لە سۆران نا لە هەولێریش زۆربەی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە بەهۆکاری شۆرتی کارەباوە بووە، بەرگری شارستانی هەولێر ئاماری ئەمساڵی بڵاوکردەوەتەوە لە کۆی هەزار و 961 رووداوی ئاگر کەوتنەوە، 808 حاڵەتیان بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە.