کارگەیەک لە عەربەت. وێنە:964
شێرپەنجە
شەش هەزار کەس سکاڵا لەسەر دوو کارگە تۆمار دەکەن
+964
دیلان محەمەد جەزا
نزیکەی شەش هەزار کەس سکاڵایان تۆمارکردووە، بەهۆی تووشبوونی خۆیان و کەسوکاریان بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان، کە پێیان وایە لە ئەنجامی پابەندنەبوونی کارگەکان بە رێکارە ژینگەییەکان کارەساتیان ناوەتەوە.
ملکۆ بازیانی، سەرۆکی پارتی سەوزی کوردستان بە 964 وت، ئەمڕۆ داوای یاسایی لەسەر دوو کارگە لە ناوچەی بازیان و تاسڵوجە تۆمار دەکرێت لە دادگای فیدراڵی، بەهۆی پابەندنەبوونیان بە مەرجە ژینگەییەکان.
کۆمپانیاکان هەریەکە لە کۆمپانیای لاڤارجی فەرەنسی لە بازیان و کارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجەن.
وتیشی، تا ئێستا نزیکەی شەش هەزار کەس سەردانیان کردوون و سکاڵایان لەسەر ئەو کۆمپانیایانە هەیە، بەهۆی ئەوەی خۆیان یان کەسوکاریان تووشی شێرپەنجە بوون.
لەو بارەیەوە ئەوەی خستەڕوو، ساڵێک پێش ئێستا لە داواکاری گشتیی هەرێم داوای یاساییان تۆمار کردوە، بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە بە شێوەیەکی ئەرێنی، هەر بۆیە داوای یاساییان لە دادگای فیدڕاڵی لەسەر تۆمار دەکەن.
ملکۆ بازیانی وتیشی:”ئەو بابەتە تەنیا ناوچەیەکی دیاریکراو ناگرێتەوە، بەڵکو ئەو کارگانەی دەوروبەری سلێمانی هەمووی دەگرێتەوە، کە رۆڵیان هەبوووە لە پیسبوونی ژینگەی ناوچەکانیان”.
لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، قسەیان لەگەڵ وەزیری ژینگەی عێراق کردووە، ئەوان بەرپرسن لە ژینگەی شارەکان و داوای قەرەبووی ئەو هاوڵاتیانە دەکرێتەوە لە کۆمپانیاکان، لەبەر ئەوەی 32% پیشەسازی عێراق لە سلێمانیدایە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا