بڕە زیادەکە چەندە؟

لە ساڵی 2024ـدا تێچووی حەج زیاتر دەبێت

964+

پێشەوا محەمەد

بەڕێوەبەرایەتی حەج و عەمرەی هەرێم رایدەگەیەنێت، تێچووی حەج لە ساڵی 2024 بەراورد بە ساڵی رابردوو 300 دۆلار زیاتر بووە.

ساڵی رابردوو گەشتکردنی بۆ حەج لە رێگەی فڕۆکەوە چوار هەزار و 500 دۆلاری تێدەچوو، بەڵام ساڵی 2024 بڕی چوار هەزار و 800 دۆلاری تێدەچێت.

شێخ نیاز راغیب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان بە 964ـی راگەیاند، لە سعودییەوە رسوماتەکان زیادکراون و هەر حاجییەک 300 دۆلار رسوماتی زیاتری لە ساڵی رابردوو لێوەردەگیرێت.

ساڵی رابردوو وەزارەتی ئەوقاف 700 حاجی لە رێگەی وشکانییەوە وەک تاقیکردنەوە ناردە سعودییە و ئەمساڵیش بەردەوام دەبێت. نرخی تێچووی ساڵی رابردوو بە رێگەی وشکانی چوار هەزار و 200 دۆلار بوو و بۆ ساڵی 2024 چوار هەزار و 400 دۆلارە.

“بڕی ملیارێک و 400 ملیۆن دینارمان لەبری پڕکردنەوەی فۆڕمی حاجیان وەرگرتووە و خستوومانەتەوە خزمەت حاجیان، ئەگەر وانەبووایە گەشتەکان زیاتر لە پێنج هەزار دۆلاریان تێدەچوو”، ئەوەش قسەی شێخ نیاز راغیب نەقشبەندییە.

پشکی حەجیانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2024، چوار هەزار و 174 کەس دەبێت.

هۆشدارى توند دەدرێتە کۆمپانیانى حەج و عومرە

هۆشدارى توند دەدرێتە کۆمپانیانى حەج و عومرە