مامۆستا عەبدولوەهاب شێخانی لەکاتی نوسینی فەرهەنگی ئیدیۆم. وێنە: لاپەڕەی کەسی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک.
مامۆستایەکی هەولێر
50 ساڵە خەریکی ئامادەکردنی فەرهەنگێکە
964+
فەهمی نەبی
فەرهەنگنووسێک لە هەولێر دەڵێت، زیاتر لە 50 ساڵە سەرقاڵی نوسینی (فەرهەنگی ئیدیۆم)ە و ئێستا کاری هەڵەچنی بۆ دەکرێت و چاوەڕوانی دەزگایەکی حکومی یان چاپخانەیەکە ئەرکی چاپکردنی فەرهەنگەکەی لە ئەستۆ بگرێت.
عەبدولوەهاب شێخانی مامۆستایە و شارەزای بواری فەرهەنگی کوردییە قسەی بۆ 964 کردووە دەڵێت، “زیاتر لە 50 ساڵە خەرکی نوسینی ئەو فەرهەنگەم، لە شێوەزاری کرمانجی سەروو و خواروو، شەش بنزارم هەڵبژاردووە و هەرچی ئیدیۆمە کۆمکردوەتەوە و بەرامبەر هەر ئیدیۆمێک بە شێوەزاری سۆرانی واتاکەیم نوسیووە”.
ئەو بنزارانەی مامۆستا عەبدولوەهاب شێخانی لە فەرهەنگەکەی هەڵیبژاردوون هەریەکە لە سلێمانی، دەشتی هەولێر، بادینی، هەورامی، ماچۆ و سنە بووە.
فەرهەنگی ئیدیۆم، کۆکردنەوەی ئەو رستە یان دەستەواژانەیە، کە مانایەکی دووری هەیە بۆ نمونە (گۆشتی خۆی بە شیشەوە دیت: واتا ئێش و ئازارەکانی خۆی بینی)، مامۆستا عەبدولوەهاب شێخانی 2300 لاپەڕەی لێ نوسیووە، دەڵێت، بەر لەوەی تایپ بکرێت شەش هەزار لاپەڕە بوو.
عەبدولوەهاب شێخانی خاوەنی 10 بەرگ فەرهەنگی چاپکراوە و دەڵێت، 15 بەرگی دیکەی فەرهەنگم ئامادەیە بۆ چاپ، بەڵام لەگەڵ فەرهەنگی ئیدیۆم پێویستی بە سپۆنسەری دەزگایەکە.