لەسەر حکومەت ناوەستن

دانیشتوانى گوندێک لەسەر ئەرکى خۆیان ئاوەڕۆ بۆ گوندەکەیان دروست دەکەن

964+

کامیار کەمال – پێنجوێن

دانیشتوانى گوندێکى پێنجوێن، لەناو خۆیاندا پارە کۆدەکەنەوە و ئاوەڕۆ بۆ گوندەکەیان دروست دەکەن.

گوندى دۆڵەسوورى سەر بە ناحیەى ناڵپارێزى قەزاى پێنجوێن، بەهۆى نەبوونى ئاوەڕۆوە گرفتییان هەبوو، بۆیە گوندنشینان بڕیار دەدەن لە ناوخۆیاندا پارە کۆبکەنەوە و لەسەر ئەرکى خۆیان ئاوەڕۆ بۆ گوندەکەیان درووستبکەن.

عوسمان ساڵح، دانیشتووی گوندی دۆڵەسوور قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت: گوندەکەمان ئاوەڕۆی نەبوو، لەبەر ئەوە لەناو دانیشتوانی گوندەکە بڕیاردرا خۆمان ئاوەڕۆ بۆ گوندەکەمان دروستبکەین.

ئەو گەندنشینە وتیشى،” لەناو خۆماندا نزیکەى 10 ملیۆن دینارمان کۆکردەوە، دواتریش شۆفڵ و حەفارەمان هێنایە گوندەکە و دەستمان بە دروستکردنى پڕۆژەکە کرد”.

لە ناو گوندەکەدا کارى پێکەوەیى و دروستکردنى پڕۆژە بووە بە کلتور، ئەوان لەسەر حکومەت ناوەستن و خۆیان پێویستییەکانى خۆیان ئەنجام دەدەن، وەک عوسمان ساڵح ئاماژەى پێدەکات، لە ساڵانی رابردوودا دوو پردی سەرەکی گوندەکەیان ئاو بردوویەتی کە یەکێکیان لەسەر رێگای سەرەکییە بۆ ناو گوندەکە و خۆیان چاکیان کردووەتەوە.

بەپێى وتەى، هێمن فەرحان کە دانیشتویەکى دیکەى گوندی دۆڵەسوورە قسەى بۆ 964 کردووە، دەڵێت: گوندەکەمان نزیکەى 50 ماڵێکی تێدا ماوە و دانیشتوانی ئەو ناوچەش بە ئاژەڵداری و باخداری و کشتوکاڵەوە خەریکن و گوندەکەمان باخی هەناری باشی تێدایە.

دۆڵەسوور گوندێکی سەر بە قەزای پێنجوێنە و نزیکەی 24 کیلۆمەتر لە سەنتەری قەزاکەوە دوورە.

پێداچونەوە- وریا فەتاح

گوندەكانی یاڵانپێ و هانەیقوڵ ئاوەڕۆیان دەوێت

گوندەكانی یاڵانپێ و هانەیقوڵ ئاوەڕۆیان دەوێت