دەستگیراوە بەسەر بیرهەڵکەنێکدا
لە گوندێکی سیتەک دوو بیرلێدەر دەستگیر کران
964+
ژووری هەواڵ
لە گوندێکی سنوری سیتەک، دوو کەس بە شێوەیەکی نایاسایی خەریکی لێدانی بیر بوون، پۆلیسی دارستان پێزانیوون و دەستگیر کراون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 28.12.2023، عەمید هێمن کەمەرخان، وتەبێژی پۆلیسی دارستانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، لە ئەنجامی دەرچوونی مەفرەزەیەكی بنکەی پۆلیسی دارستانی سیتەك بۆ سنوری گوندی گورگەیەر دوو هاووڵاتی دەستگیر کران کە سەرقاڵی هەڵکەندنی بیر بوون بە شێوەیەکی نایاسایی.
لە شوێنی دەستگیر کردنی ئەو دوو کەسە، دەستگیراوە بەسەر ئامێرێکی بیرهەڵکەندن.
بەگوێرەی ئەو ئامارەی کە پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بە 964ـی داوە، لە ماوەی هەشت مانگی ئەمساڵدا 51 هاوڵاتی لەسەر لێدانی بیر دەستگیر کراون.
بە گوێرەی ئەو راپۆرتە بێت وەزارەتی کشتوکاڵ لە بارەی چالاکییەکانی چوار ساڵەی وەزارەتەکەیان رایانگەیاندووە، لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و ئیدارەی گەرمیان تا مانگی 12ی ساڵی 2022 ژمارەی ئەو بیرانەی بێ مۆڵەت لێدراون، گەیشتووەتە 28 هەزار و 410 بیر، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 20 هەزاری لە پارێزگای سلێمانییە.