لە سلێمانییەوە هۆشداری دەدرێت

دروستکردن و کڕین و فرۆشتنی زەوی و خانوو قەدەغەیە

پێشەوا محەمەد

شارەوانییە گشتییەکانی سلێمانی دانیشتوانی چەند گوندێکی دەرەوەی سنووری شارەوانییەکانی سلێمانی ئاگادار دەکاتەوە، دروستکردن و کڕین فرۆشتن بە هەیکەل و زەوی و خانووەوە قەدەغەیە.

ئاگادارییەکە هەریەکە لە سنووری گوندەکانی، تووەسپی، فەیاڵ، کانی گۆران و کانی بەردینە دەگرێتەوە.

“هەندێک کەس کە کاریان دەڵاڵی کڕین و فرۆشتنە لەو شوێنانە هاوڵاتیان هەڵدەخەڵەتێنن و لەپێناو بەدەستهێنان و بەرژەوەندیی خۆیان زەوی زیادەڕۆ و هەیکەل بە هاوڵاتیان دەفرۆشن و پێیان دەڵێن تاپۆ دەکرێن”، ئەوە قسەی ئاوات عەزیز، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانییە گشتییەکانی سلێمانییە بۆ 964.

دەشڵێت، “بەپێی یاسای تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆکان، هەر خانوویک بەرواری دروستکردنی لە 31.12.2020 نوێتر بێت خانووەکەی بەر بڕیاری تاپۆکردن ناکەوێت و هەر بە زیادەڕۆیی دەمێنێتەوە”.

شارەوانییە گشتییەکانی سلێمانی هۆشداری دەداتە هاوڵاتیان، کە بەرپرسیار نییە بەرامبەر هەر کارێک بەرامبەریان بکرێت، بەتایبەت لە کاتی جێبەجێکردنی ماستەرپلانی سلێمانیدا و لابردنی هەر زیادەڕۆ و رێگرییەکی بەردەم ماستەرپلانەکە.