وەرزش ژیانی گۆڕیوە
خاوەن پێداویستی تایبەتە و وەک کەسێکی ئاسایی یاریی دەکات
کامیار کەمال – پێنجوێن
شکار عومەر، گەنجێکی خاوەن پێداویستی تایبەتە و دانیشتووی قەزای پێنجوێنە و ماوەی دوو ساڵە سەرقاڵی وەرزشی لەشجوانییە و بە نمایشێکیش بەشداری لە پاڵەوانیەتیی سلێمانیدا کردووە.
عومەر عەبدوڵا، باوکی شکار بە 964ی راگەیاند، شکار لە ساڵی 2000 لەدایکبووە و تەمەنی 23 ساڵە و وتیشی، شکار لە منداڵیدا بەهۆی نەخۆشی زەردووییەوە تووشی کێشەی جەستەیی بووە بەڵام ئێستا لایەنی تەندروستی و هزریی زۆر باشە و کەسێک ببینێت، دوای پێنج ساڵی دیکەش هەر توانای هەیە بیناسێتەوە.
باوکی شکار ئەوەشی خستەڕوو، بۆ چارەسەری نەخۆشییەکەی تا تاران رۆیشتوون، بەڵام پێیان وتوون نەخۆشییەکەی شکار چارەسەر ناکرێت.
باسی لەوەش کرد، ئەو کاتەی شکار چووەتە هۆڵی لەشجوانی ئاگاداری نەبوون و هەموو ئەو هاوکارییانەی بۆ شکار لە هۆڵی لەشجوانیدا کراوە، راهێنەر رێکەوت فازیل خاوەنی هۆڵەکە کردوویەتی و لەسەر ئەرک و تێچووی خۆی بووە.
هاوکات، رێکەوت فازیل، راهێنەری لەشجوانی، کە مەشق بە شکار دەکات، بە 964ی راگەیاند، شکار زۆر بەزەحمەت دەیتوانی بڕوات و سەرەتا کە هێناویانەتە هۆڵەکە بە هاوکاری دوو کەس لە قادرمەکان هاتووەتە سەرەوە.
وتیشی، لە پاڵەوانیەتیی لەشجوانی سلێمانی و دەوروبەری شکار بە نمایشێک بەشداری کردووە و مەدالیای رێزلێنانیان پێبەخشیوە و پێشنیاریش کراوە لە پاڵەوانیەتیی پارالۆمپی عێراقدا بەشداریی پێبکرێت.
رێکەوت فازیل ئەوەشی خستەڕوو، “بە گوێرەی ناسنامەی خاوەن پێداویستی تایبەتیی شکار، رێژەی کەمئەندامییەکەی لە %85دایە، بەڵام ئێستا وەک خۆم و هەر کەسێکی ئاسایی یاریی دەکات”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا