قوتابیه‌ بێناسنامه‌كانى چەمچەماڵ لە خوێندن بەردەوام دەبن

+964

هۆگر عه‌دنان – چه‌مچه‌ماڵ

به‌هۆى نه‌بوونى ناسنامه‌، چوار قوتابى له‌ قوتابخانه‌یه‌كی سه‌ر به‌ ناحیه‌ى شۆڕشی سنورى چه‌مچه‌ماڵ ئاگادار كرابوونه‌وه‌ كه‌ ناتوانن بخوێنن، به‌ڵام قائیمقامى چه‌مچه‌ماڵ ده‌ڵێت، هه‌موو رێكارێكی یاساییان بۆ ده‌گرنه‌به‌ر بۆ به‌رده‌وام بوونیان له‌ خوێندن.

خێزانى ئه‌و قوتابیانه‌ى قوتابخانه‌ى نووره‌، خه‌ڵكی گوندى خان ئه‌لینى سه‌ر به‌ ناحیه‌ى شۆڕشن،‌ به‌هۆى ئاوا‌ره‌بوونیان و تۆمارنه‌كردنى ناویان له‌‌ سه‌رژمێرییه‌كه‌ى ساڵى 1957، نه‌یانتوانیوه‌ ببنه‌ خاوه‌ن ناسنامه‌.

ره‌مه‌ك ره‌مه‌زان قائیمقامی قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ به‌ +964ی راگه‌یاند، “خێزانى ئه‌و قوتابیانه‌ به‌هۆى ئاواره‌ بوونیان هیچ ئه‌وه‌لیاتێكی ناسنامه‌ و ره‌گه‌زنامه‌یان نه‌بووه‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ش ئاگادارى كردبوونه‌وه‌ كه‌ ناتوانن له‌و قوتابخانه‌یه‌ بێ بوونى ناسنامه‌ بخوێنن”.

قائیمقام دەڵێت، پەیوەندی کردووە به‌ وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى په‌روه‌رده‌ى سلێمانى و په‌روه‌رده‌ى چه‌مچه‌ماڵ، داوای لێکردوون كه‌ ئه‌و قو‌تابیانه‌ به‌رده‌وام بن له‌ خوێندن.

به‌ قسه‌ى قائیمقام، له‌ سبه‌ینێوه‌ له‌ رێگه‌ى دادگاوه، ده‌ست به‌ رێكاره‌ یاساییه‌كان ده‌كرێت بۆئه‌وه‌ى ئه‌و قوتابیانه‌ ببنه‌ خاوه‌ن ناسنامه‌ و به‌رده‌وام بن له‌ خوێندن.

منداڵەکان (هەستیار، هێڤار، تەمەن و لێوان)ن، منداڵی پیاوێکن بەناوی ئەرکان ساڵح، تەمەنیان لەنێوان حەوت بۆ 13 ساڵیدایە.

سەبارەت بە لەدەستچوونی ساڵەکانی خوێندنیشیان، عەبدوڵڵا حەمە کاکەڕەش، بەڕێوه‌بەری پەروەردەی چەمچەماڵ بۆ 964+ی روونکردەوە، لیژنەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سلێمانی پێکدەهێنرێت لەسەر کێشەی ئه‌و قوتابیانه‌ و وەزیری پەروەردەش هاتووەتە سەرخەت.