هۆکارەکان زۆرن

بۆچى بازاڕى دۆلار ناجێگیرە؟

964+

وریا فەتاح

نزیکەى هەفتەیەکە، بەهاى دۆلار بەرامبەر دینارى عێراقى ناجێگیرە و دواى دابەزینەکەى دوێنێ، ئەمڕۆ جارێکى دیکە بەرەو بەرزبوونەوە هەنگاوی نا، وتەبێژى بازاڕى دۆلارەکەى سلێمانیش دەڵێت: رێکارەکانى بانکى ناوەندى بەو ئاراستەیەن، دۆلار لە ساڵى نوێدا روو لە دابەزین بکات.

جەبار گۆران، وتەبێژى بازاڕى دۆلارەکەى سلێمانى قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت: فاکتەرە دەرەکییەکان، هۆکاریکى سەرەکین بۆ بەرزبوونەوەى بەهاى دۆلار، بۆ نموونە دوێنێ نرخى دۆلار بۆ 148 هەزار و 750 دینار دابەزى، بەڵام ئەمڕۆ هێرشى مووشەکیى ئەمەریکا بۆ سەر حیزبوڵاى عێراقى دۆلارى بۆ 152 هەزار بەرزکردەوە.

بە وتەى جەبار گۆران، لە پاڵ فاکتەرە دەرەکییەکان، خواست و بەرژەوەندیى هەندێ لایەنى ناوخۆ لە بەرزى بەهاى دۆلاردایە و بە ئاشکرا یاریى بەوەوە دەکەن و دەیانەوێت دۆلار بەرز ببێتەوە، بە تایبەت بانکەکان کە ئەجێنداى سیاسییان هەیە، بۆیە بەردەوام بەهاى دۆلار ناجێگیر و بەرزە.

ئەو پێى وایە، رێکار و هەنگاوەکانى بانکى ناوەندى پێشکەوتوو و پێویستن، بەڵام فاکتەرە دەرەکى و خواستە ناوخۆییەکان هۆکارن، کە بەردەوام دۆلار بەرەو بەرزبونەوە بڕوات.

بە پێى بڕیارەکان، لە ساڵى نوێدا مامەڵە ناوخۆییەکان بە دینار ئەنجام دەدرێن، بۆیە وتەبێژى بازاڕى دۆلارەکە دەڵێت: ئەو هەنگاوە ئاماژەیەکى روونە بۆ ئەوەى خواست لەسەر دۆلار کەم ببێتەوە، چونکە لەو کاتەدا تەنیا بازرگانەکان و ئەو کەسانەى گەشت دەکەن پێویستیان بە دۆلار دەبێت.

ساڵى نوێ دۆلار دادەبەزێت؟

“ئەگەر پێشهاتێکى چاوەڕوان لە ساڵى نوێدا روونەدات و دۆخى سیاسى بە ئاراستەى سەقامگیرى بێت، بێگومان بەهاى دینارى عێراقى بەرامبەر دۆلار بەهێز دەبێت”، وتەبێژى بازاڕى دۆلارەکە واى وت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ بەهاى 100 دۆلار دابەزى بۆ 148 هەزار و 750 دینار، بەڵام ئێوارەى ئەمڕۆ، لە سەرووى 153 هەزار دینارەوە مامەڵەى پێوەکرا.

هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار چی...

هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار چین؟