سەتا 20ی زیندانییەکانی هەرێم تۆمەتی تیرۆریان لەسەرە

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هەولێر

بەگوێرەی دوایین ئامارەکان، لە ساڵی 2022، حەوت هەزار و 827 کەس لە هەرێمی کوردستان راگیراون و سزادراون، کە سەتا 20یان تۆمەتی تیرۆریان لەسەرە.

لەو ژمارەیە، هەزار و 550 کەسیان بە تۆمەتی تیرۆر راگیراون و سزادراون.

ئیحسان عەبدولرەحمان ، بەڕێوەبەری گشتی چاكسازییەكانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، ئه‌مڕۆ 4ی كانوونى دووه‌مى 2023، ئاماژەی بەوەدا، جگە لە راگیراوەکان، هەر لە ساڵی رابردوو، حەوت هەزار و 571 کەس لە زیندانەکان ئازادکراون.

ناوبراو، روونیکردەوە کە ئەمڕۆ لەناو چاکسازییەکانی کوردستان پێنج هەزار و 56 سزادراو و راگیڕاو هەن بەوانەشەوە کە سزای لەسێدارەدرانیان هەیە، ئەوانەی بەهۆی ماددەی هۆشبەرەوە گیراون 941 کەسن و تاوانبارانی دزیکردن 551 کەسن و 441 کەسیش لە چاکسازییەکان سزای لەسێدارەدانیان هەیە.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، “بۆ کارمەندانی چاکسازی 36 خول بۆ 311 کەس و 44 خول بۆ سزادراوان کراوەتەوە کە هەزار و 651 زیندانی سوودیان لێ وەرگرتووە، 139 سیمنیار بۆ سزادراوان کراوەتەوە”.

به‌پێی قسه‌كانى ناوبراو، ساڵى رابردوو له‌ناو چاكسازییه‌كانى هه‌رێم، 26 هەزار و 199 کەس خزمەتی تەندروستییان پێشکەش کراوە و 48 هەزار و 751 کتێب خوێندراوەتەوە، لەبارەی خوێندنیشەوە وتی، “412 قوتابیمان لە هەموو قۆناغەکان هەیە”.