ماڵێک لە گوند سوتەمەنییان بۆ سەرما و سۆڵەی زستان کۆگا کردووە _ وێنە: 964
بە نیازى نەوتە 50 هەزارییەکەن
لە پشدەر ئەمساڵ نەوت دابەش نەکراوە
964+
محەمەد عەلی ــ پشدەر
ماوەى شەش ساڵە، دانیشتووانى پشدەر تەنیا دوو بەرمیل نەوتیان پێدراوە، لەمساڵیشدا نەوت دابەش نەکراوە، بەوهۆیەوە پەنا بۆ سۆپاى دار دەبەن و لە جیاتى سووتەمەنى دار بەکار دەهێنن.
بەکر باییز، قایمقامى قەڵادزی قسەى کە بۆ 964 کردووە، وێراى ئەوەى پشتڕاستى کردەوە کە ئەمساڵ لە پشدەر نەوت دابەش نەکراوە، وتیشى،”دوو جۆر سووتەمەنى هەیە کە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەکرێت، یەکێکیان ئەوەى هەرێمە و بۆ هەر بەرمیلێک 104 هەزار دینار وەردەگیرێت، جۆرەکەى تریش ئەوەى عێراقە و نرخەکەى 50 هەزارە و بڕیارە لە ناوەڕاستى مانگى یەکى 2024دا بێت”.
بە وتەى قایمقامى پشدەر، دەیانتوانى ئەو نەوتەى هەرێم داوا بکەن و لە پشدەر دابەش بکرێت، بەڵام دەڵێت: ئەگەر دوو جۆر نەوت بە دوو نرخى جیاواز بەسەر خەڵکدا دابەش بکرێت، جۆرێک لە ناعەدالەتى دروست دەکات،، بۆیە ئەوەى هەرێممان راگرتووە و چاوەڕێى نەوتەکەى عێراقین.
سنوورى پشدەر، ناوچەیەکى کوێستانى ساردە و نزیکەى شەش مانگ لە ساڵێکدا لەو ناوچەیە وەرزى سەرمایە و هاوڵاتییان سۆپا و گەرمکەرەوە بەکاردەهێنن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح