بەهای 100 دۆلار دەبێتە چەند؟
هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار چین؟
964+
پێشەوا محەمەد
ماوەی هەفتەیەک زیاترە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لە بەرزبوونەوەدایە، وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی باس لە هۆکارەکانی ئەو گۆڕانکارییە دەکات.
جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، بانگەشەیەکی گەورەی میدیایی لە عێراق هەیە بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار و ئەوەش کاریگەریی گەورەی هەبووە لە بەرزکردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار.
وتیشی، “وا بڕیارە ئەمریکا دۆلار بە پێنج بانکی دیکە بدات و پێشتر هەر بە بانکی ناوەندی دەدرا، هەروەها پارەی حەواڵە زیاد دەکرێت و ئەوەش وادەکات خستنەڕووی دۆلار لە خواست زیاتربێت و بەهای دینار زیاتر بەرز دەکاتەوە”.
بەشێک لە کۆمپانیاکان سەرقاڵی ژمێرەی کۆتایی ساڵن و ئەوەش جوڵە و خواستی لەسەر دۆلار لە بازاڕ کەمکردووە.
“پرسی بە دینارکردنی مامەڵەکانی ناوخۆ کاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر بەرزکردنەوەی زیاتری بەهای دینار، چونکە ئەوکاتە تەنیا بازرگان و گەشتیار پێویستیان بە دۆلارە و ئەوانیش لە بانکی ناوەندی دەستیان دەکەوێت”، جەبار گۆرای وای وت.
دەشڵێت، ئەگەر ئەو رێکارانە جێبەجێ بکرێن نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی دێتە خوار 150 هەزار دینارەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ لە کاتی داخستنی بازاڕی دراودا لە شاری سلێمانی نرخی 100 دۆلار بە 150 هەزار و 500 دینار بوو.