حاسڵاتی ئێوارە

تا ئێستا 103 رۆژنامەنووس لە غەزە کوژراون

+964

ژووری هەواڵ

میدیاکانی ئیسرائیل ڤیدیۆیەکی ناتەنیاهۆیان بڵاوکردووەتەوە کە بەر لە شەش ساڵ لە دانیشتنێکی کنیستی ئیسرائیلی وتوویەتی: رۆژێک دێت حەماس لە ئاسمانەوە و بە مووشەک و بە زەمین لە یەک کاتدا پێکەوە هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل، ئەمەش ئەو وردەکارییەیە، کە وەک خۆی لە حەستی ئۆکتۆبەر روویدا.

کەمێک لەمەوبەر سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: سەربازێکی تری کوژرا، بەمەش تەنیا دوێنێ و ئەمڕۆ 14 سەربازی کوژراوە، ئەمەش گەورەترین گورزە لەماوەی دوو رۆژدا بەس سوپاکەی کەوتبێت.

وتەبێژی بەرگریی شارستانی غەزە دەڵێت: ئیسرائیل ناهێڵێت کەسانی زیندوو لەو باڵەخانانە دەربهێنین کە بۆردومانی کردوون، کاتێک نزیک دەبینەوە ئێمەش بە ئامانج دەگرن.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە: ئەمڕۆ هێزی دەریاوانی ئێران موشەکی کروزی بەدەست گەیشتووە کە مەوداکەی هەزار کیلۆمەترە، لەگەڵ چەند کۆپتەرێک کە بۆ چاودێری سوودی لێ دەبینێت.

نووسینگەی میدیایی حکومەتەکەی غەزە دەڵێت: لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا 103 رۆژنامەنووس لە غەزە کوژراون.

وتەبێژی تەندروستی غەزە دەڵێت: رۆژانە چەندین کەس بەهۆی ئەوەوە گیان لەدەست دەدەن کە خوێنی زۆریان لەبەر دەڕوات و هیچ رێگایەکیش شک نابەین بۆ ئەوەی رزگاریان بکەین.