دیمەنی دەمانچەیەک.وێنە: پۆلیسی گەرمیان
سنووری کەلار
تەقەی لە پۆلیس کرد و دەستگیر کرا
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
ئەمڕۆ یەکشەممە 24.12.2023 یەکێک لەو کەسانە دەستگیرکرا، کە شەوی رابردوو رووبەڕووی مەفرەزەیەکی پۆلیسی گەرمیان بووەتەوە و ھەڵات.
عەلی جەمال قدوری وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە 964ى وت: “لە ئۆپراسیۆنێکی ھاوبەشی نێوان پۆلیسی گەرمیان و بەڕێوەبەرایەتی ئۆپراسیۆنەکانی ئاسایش، یەکێک لەو کەسانەیان دەستگیرکردووە کە فەرمانی دەستگیرکردنی ھەبووە و شەوی رابردوو ڕووبەڕووی مەفرەزەیەکی پۆلیس بووەتەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد: “ئەو کەسە لە سنووری کەلار دەستگیرکراوە، پێشتریش پێشینەی تاوانی ھەبووە بە دزیکردن و داواکراو بووە”.
قدوری وتیشی، لە ھەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی چوار کەسەکەیتر کە لەگەڵ ئەو تۆمەتبارەدا بەشداربوون.
درەنگانێکی شەوی ڕابردوو، مەفرەزەیەکی پۆلیسی گەرمیان بۆ دەستگیرکردنی سێ کەس کە فەرمانی گرتنیان ھەبووە دەڕۆنە گوندی ساڵەح ئاغا، تاوانبارەکان بە ھاوکاری دوو کەسیتر بە رومانە و چەکی کڵاشینکۆف رووبەڕووی مەفرەزەکەی پۆلیس بوونەوە و دوو ئەفسەر و کارمەندێکی پۆلیس بە سووکی برینداربوون.
پێداچوونەوە: موحسین عومەر