توێژینەوەیەکی دانیمارکی وەڵامی داوەتەوە

ئایا زیرەکی دەستکرد دەتوانێت کاتی مردنت پێبڵێت؟

964+

ئەحمەد عەبدوڵا

تەکنەلۆژیایەکی نوێ پشت ئەستوور بە زیرەکی دەستکرد چەند پرسیارێکت لێدەکات و پێت دەڵێت، تا چوار ساڵی دیکە دەژیت یان نا.

تەکنەلۆژیایەکە ناوی (life2vec)ە، چەند توێژەرێکی ئەمریکی و دانیمارکی پەرەیان پێداوە و وەک خۆیان دەڵێن، رێژەی وردی ئەنجامی تەکنەلۆژیاکە %78ە.

ئەو کەسەی حەزی لێیە کاتی مردنی بزانێت دەبێت هەرچی هەیە و نییە بە تەکنەلۆژیاکەی بڵێت وەک (شوێن و بارودۆخی ژیان، تەندروستی، تەمەن، داهات و باری دەروونی) تەکنەلۆژیاکەش دوای شیکاریکردنی داتاکان وەڵامت دەداتەوە کە لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوو دەمرێت یان نا.

توێژەرەکان توێژینەوەکەیان لەسەر شەش ملیۆن کەسی دانیمارکی ئەنجامداوە، کە لە تەمەن و رەگەز و بارودۆخی جیاوازی ژیان بوون، توێژینەوەکە لە ساڵی 2008-ەوە دەستیپێکردووە و 12 ساڵی خایاندووە.

سون لیمان، توێژەر و پرۆفیسۆر لە زانکۆی تەکنیکی دانیمارک لەسەر تەکنەلۆژیاکە بە ماڵپەری نیویۆرک پۆستی وت، بە تێپەڕبوونی کات زیرەکی دەستکرد گەیشتووەتە ئەوەی داتاکان شەنوکەو بکات و وردبینی بۆ شێوازی ژیانی کەس و قورسی ئیشەکانیان بکات بۆ وردبوونی زیاتر لە پێشبینییەکانی.

لیمان راشیگەیاند، ئەم تەکنەلۆژیایە دەکرێت یارمەتیدەربێت بۆ درێژکردنی تەمەنی مرۆڤەکان.

زیرەکی دەستکرد AI پێشکەوتنێکی نوێی تەکنۆلۆژیایە، زمانی پرۆگرامی کۆمپیوتەر بەکاردێنێت لەبوارە جیاوازەکان و ئاسانکاری زۆر و خێرا بۆ بەکارهێنەر دەکات، بەهۆی ئەو پێشکەوتنە خێرایەوە زانایانی تەکنەلۆژیا ئاماژە بە کەمبوونەوەی هەلی کار دەکەن و بڕوایان وایە لە داهاتوودا لە زۆر سێکتەر، شوێنی مرۆڤ دەگرێتەوە.

"زیرەکی دەستکرد" کێشە گەورەکەی بەردەم کچان و ژنان

ئیسرائیل لە بۆردومانەکان زیرەکی دەستکرد بەکار دەهێنێت

ئیسرائیل لە بۆردومانەکان زیرەکی دەستکرد بەکار دەهێنێت