بارانبارین تاکەى بەردەوام دەبێت؟
لە دهۆک دوو هێندەى پار باران باریوە
964+
وریا فەتاح
تەنیا ئەمساڵ، لە سنوورى پارێزگاى دهۆک 303 ملیمەتر باران باریوە و ئەو شەپۆلەى ئێستاش هەیە، دوو رۆژى دیکە بەردەوام دەبێت.
ئاراس جەبار، شارەزاى کەشناسى رایگەیاند: سبەى یەکشەممە، ئاسمانى زۆربەى ناوچەکانى هەرێم هەور و باراناوى دەبێت، بەڵام لە سنوورى پارێزگاى دهۆک شەپۆلەکە لاواز دەبێت.
پێشبینیش دەکات، لە ناوچە شاخاوییەکانى سنوورى هەولێر و سلێمانىدا بەفر ببارێت.
لە بارەى کاریگەریى شەپۆلەکەشەوە، ئەو شارەزایەى کەشناسى ئاشکراى کردووە، رۆژى دووشەممە، شەپۆلەکە بەرەو لاوازى دەچێت.
بەپێى راگەیەنراوى بەڕێوەبەرایەتیى کشتوکاڵى دهۆک، لە 24 کاتژمێرى رابردوودا لە شیلادزێ 127 ملیمەتر باران باریوە و لە چەمانکێ 71 ملیمەتر و لە سەرسەنگ 66 ملیمەتر، بەڵام لە سەنتەری شارى دهۆک تەنیا 18.5 ملیمەتر باران باریوە.
“ئەمساڵ دوو ئەوەندەى پار باران باریوە”
بەپێى ئامارەکانى هۆبەى کەشناسی لە بەڕێوەبەرایەتیى کشتوکاڵى دهۆک، ئەمساڵ تا ئەمڕۆ 303 ملیمەتر باران باریوە، بەڵام ساڵى رابردوو تا ئەم کاتە 159.8 ملیمەتر باران باریبوو.