بەدواداچوونی 964

دوو هەفتەیە درۆن یەخەی هەولێری بەرداوە

964+

فەهمی نەبی

بەپێی بەدواداچوونی 964 دوو هەفتەیە ئەو گروپانەی لەرێگەی درۆن و موشەکەوە هێرشیان دەکردە سەر بنکەی ئەمریکیەکان لەهەولێر و فڕۆکەخانەی هەریر، هێرشەکانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان راگرتووە.

لاپەڕەی فەرمی “دژە تیرۆری کوردستان” لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە رۆژی 8ی دیسێمبەرەوە هیچ راگەیەنراوێکی نەبووە لەبارەی هێرشی درۆنی یان موشەکی بۆ سەر بنکەی ئەمریکیەکان لە هەرێمی کوردستان.

دوای هەر هێرشێکی درۆنی گروپی “مقاوەمەی ئیسلامی” لە تۆڕی تیلیگرام بەیاننامەی دەبوو، هەندێ جاریش ڤیدیۆی ساتی هەڵدانی درۆنەکانیان بڵاودەکردەوە، بەڵام بەپێی سەروسۆراغی 964 دوو هەفتە دەبێت هیچ راگەیەنراو و هێرشێکیان بۆسەر هەرێم بڵاونەکردوەتەوە.

964 هەوڵیدا لەرێگەی ئاسایش و دەزگا فەرمیەکان زانیاری زیاتر لەو بارەیەوە وەربگرێت، بەڵام وەڵامیان نەدایەوە.

گروپی مقاوەمەی ئیسلامی چۆن سەریهەڵدا؟

“المقاومة الإسلامية في العراق” گروپێکی چەکداری شیعەکانە و لەدوای ساڵی 2003 خۆی راگەیاند، بەڵام چەند ساڵێک کارەکانی ئەو گروپە لەدۆخی مت بووندا بوو، دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە، ئەو گروپە دەستی نەپاراست لە هێرشی درۆنی و موشەکی بۆسەر بنکەی ئەمریکیەکان لەنزیک فڕۆکەخانەی هەولێر و فڕۆکەخانەی هەریر، هاوکات لە سوریا و عێراقیش بەهەمان شێوە.

رۆژی 8.12.2023 درۆنێکی بۆمبڕێژکراو خۆی کێشا بە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە هەولێر هیچ زیانێکی گیانی نەبوو، هەمان شەو درۆنێک لەلایەن سیستمی بەرگری بنکەی ئەمریکیەکان لەسەر کۆمەڵگەی سێبیران خرایە خوارەوە.

هۆکاری وەستانی هێرشەکان چی بوون؟

شەوی 5.11.2023 ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی کۆبوویەوە، وەک دواتر وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئامانجی سەردانەکە گەیاندنی پەیامی ناڕەزایی ئەمریکیەکان بووە بە سودانی لەبەرامبەر پاراستی هێزەکانیان لە عێراق، ئەم سەردانە هێرشەکانی رانەگرت، شەوی 1.12.2023 جارێکی دیکە بلینکن پەیوەندی بەسودانیەوە کرد و هەمان پەیامی بە عێراقیەکان گەیاند.

دوای تەلەفونەکەی بلینکن سودانی لەگەڵ لایەنە شیعەکان چەندجارێک کۆبوونەوەی ئەنجامدا، تێبینی کراوە لە سەرەتای ئەم مانگەوە هێرشەکان لە عێراق کەمبوونەتەوە.

بەگوێرەی نوێترین ئاماری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە رۆژی 10ی مانگی رابردووەوە تا دوێنێ پێنجشەممە، 102 هێرش کراوەتە سەر بنکەی ئەمریکیەکان لە عێراق و سوریا.

کەمێک پێش ئێستا دڕۆنێک لە سەر کۆمەڵگای سێبیران تەقێندر...

کەمێک پێش ئێستا دڕۆنێک لە سەر کۆمەڵگای سێبیران تەقێندرایەوە

لە هەولێر درۆنێکی بۆمبڕێژکراو خۆی بە باڵەخانەیەکی مەد...

لە هەولێر درۆنێکی بۆمبڕێژکراو خۆی بە باڵەخانەیەکی مەدەنیدا کێشا