لە 2022 داهاتی نەوتی عێراق 52٪ زیادی کردووە
+964
دێسکی ئابوری و وزە
عێراق، ساڵی 2022 ئاستێکی مێژووی لە هەناردەکردنی نەوت تۆمار کرد و 115 ملیار دۆلار داهاتی کۆکردەوە.
وەزارەتی نەوتی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا داتای کۆی هەناردەی نەوتی بۆ ساڵی 2022 بڵاوکردەوە.
لە 2022 دا، عێراق ملیارێک و 200 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە کە تێکڕای رۆژانەی دەکاتە 3.3 ملیۆن بەرمیل نەوت.
عێراق وەک دووەم گەورەترین هەناردەکاری نەوت لەناو ئۆپیک، دوای عەرەبستانی سعوودییە، بەراورد بە ساڵی 2021 بەڕێژەی 5٪ داهاتی لە هەناردەو فرۆشی نەوت زیادی کردووە، بەراورد بە ساڵی 2020 نزیکەی سێ هێندە داهات زیادی کردووە کە لەو ساڵدا تەنیا 42 ملیار دۆلار داهاتی عێراق بوو لە فرۆشتنی نەوت.
هایان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند: “کۆی داهاتی هەناردەکردنی نەوتی خاو بۆ ساڵی 2022 زیاتر لە 115 ملیار دۆلارە”.
لەشکرکێشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و بوژانەوەی ئابووری جیهانی لە مانگی ئازاری رابردوو نرخی نەوتی بۆ 140 دۆلار بەرزکردەوە.
عێراق لە 2022 دا، بە تێکڕا بەرمیلێک نەوتی، به 95 دۆلار فرۆشتووە.
لە مانگی ئایاری 2022، ئۆپێک+ پشتگیری لە زیادکردنی 432 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا کرد، بەڵام گروپەکە لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوو رێڕەوی خۆی پێچەوانە کردەوە و داوای کەمکردنەوەی رۆژانەی یەک ملیۆن بەرمیلیان کرد، بەهۆی دابەزینی نرخ و بەردەوامبوونی جیاوازییە سیاسییەکانی نێوان ئەمریکا و سعودیە.
هەناردەی نەوت کە زیاتر لە 90%ـی داهاتی عێراق پێکدەهێنێت، سەرکردەکانی عێراقی بۆ کەمکردنەوەی نرخی نەوت نەوروژاند، بە پێچەوانەوە لەبڕی ئەوە، محەمەد سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای زیادکردنی پشکی وڵاتەکەی کرد، هەروەها سودانی پشتگیری وڵاتەکەشی بۆ جێگیرکردنی نرخی نەوت بە نرخێکی زیاتر لە 100 دۆلار دووپاتکردەوە.