چ کاتێک ئەوە روودەدات؟

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دووبارە دەکرێتەوە؟

964+

وریا فەتاح

دواى راگەیاندنى ئەنجامى بەرایى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان عێراق، یەکێک لەو پرسیارانەى دروست بووە دوبارەکردنەوەى هەڵبژاردنەکەیە، 964 بەدواداچون بۆ ئەو پڕسیارە دەکات و وەڵامەکەى دەخاتەڕوو.

بەپێى قسەى ئارام جەمال، پسپۆڕى بوارى هەڵبژاردن کە بۆ 964 قسەى کردووە، دەڵێت: هیچ دەقێکى یاسایى نییە باس لە هەڵبژاردنى پێشوەخت بکات نەک دووبارە، بەڵام ئەگەر گرفتێکى وا گەورە هەبێت کە کاریگەرى لەسەر ئەنجامى هەڵبژاردن هەبێت، ئەوا بەپێى تایبەتمەندێتى ئەنجومەنى پارێزگاکان دەکرێت لە یەک پارێزگا هەڵبژاردنى پێشوەختە بکرێت، بەڵام ئەوە وەک مەزندەیەک (ئیجتیهادێک)ە، چونکە هیچ شتێکى روون نیە بۆ ئەو حاڵەتە و پێشتر روینەداوە.

وتیشى،”ئەم هەڵبژاردنە چونکە لەسەر ئاستى پارێزگاکانە بۆیە بەش بەش مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت نەک هەمووى بەیەکەوە، بۆیە لە بەردەمى دوو ئەگەردا دەبین، یان هەر پارێزگارە کۆنەکە دەسەڵاتى لادەمێنێتەوە، یان کە ئەنجومەنى پارێزگا لە هەڵبژاردنى پارێزگارێک گەیشتنە بنەست، ئەوکات دەکرێت داواى هەڵبژاردنى پێشوەختە لەو پارێزگایە بکرێت.

“دادگاى فیدڕاڵى دەتوانێت بڕیار بدات”

دواى یەکلایى کردنەوەى سکاڵاکان و یەکلاییکردنەوەى ئەنجامى هەڵبژاردنى تایبەت و گشتى، ئەنجومەنى کۆمیسیاران ئەنجامى کۆتایى هەڵبژاردنەکە دەخاتە بەردەم دادگاى فیدڕاڵى، بەوتەى ئومێد مەحمود، پارێزەر و یاسایى بۆ 964 قسەى کردووە، لەو حاڵەتەدا ئەگەر دادگاى فیدڕاڵى بڕیاریدا پڕۆسەکە ناشەفافە و ساختەکارى ئەنجامدراوە، جا ئەوە لەسەر ئاستى هەموو پارێزگاکان بێت یان یەک پارێزگا، ئەوا دادگاى فیدڕاڵى دەسەڵاتى هەڵوەشاندنەوەى کۆى پڕۆسەکەى یان هەڵوەشاندنەوەى هەڵبژاردنى پارێزگایەکى هەیە.

ئومێد مەحمود، جەختیش دەکاتەوە لە یاسایى عێراقیدا هیچ شتێک نیە بۆ دووبارە کردنەوەى هەڵبژاردن، یان هەڵوەشاندنەوەى ئەنجامى هەڵبژاردنى پارێزگایەک.

بەپێى یەکێک لە ئەگەرەکانى دیکەى بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختى ئەنجومەنى پارێزگاکان کە 964 بەدواداچونى بۆکردووە، نمونەى هەڵبژاردنى پێشوەختەى خولى رابردووى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقە کە ئەوکات مستەفا کازمى سەرۆک وەزیران بڕیاریدا بە هەڵبژاردنى پێشوەخت، بۆیە دەکرێت لە حاڵەتێکدا ئەگەر لە پارێزگایەک هەڵبژاردنى پارێزگار گەیشتە بنبەست، ئەوا دەکرێت بڕیار بدرێت بە هەڵبژاردنى پێشوەختە لەو پارێزگایە.

هاوکات، لە یاساى ژمارەى 21ى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق، هیچ مادەیەکى یاسایى نیە باس لە هەڵبژاردنى پێشوەختە بکات.

زانیاری ورد لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ل...

زانیاری ورد لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکوک