بڕیارە نۆ مانگی دیکە تەواو بکرێت
دوای 10 ساڵ باڵەخانەی قایمقامیەتی بەردەڕەش ئاوڕی لێ دەدرێتەوە
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
دوای ئەوەی لە ساڵی 2013 باڵەخانەیەکی نوێ بۆ قایمقامیەتی قەزای بەردەڕەش دروستکرا و بریار وابوو بگوازرێتەوە بۆ باڵەخانەی نوێ، بەڵام قەیرانی دارایی کارەکانی راگرت و تاوەکو ئیستا وەکو خۆی ماوەتەوە.
ئێستا دەست بە دروستکردنی کراوەتەوە و بڕیارە لەماوەی نۆ مانگدا تەواو بکرێت.
ئیسماعیل مستەفا رەشید، قایمقامی قەزای بەردەڕەش بە 964ی وت، “لە ساڵی 2013 باڵەخانەیەکی نوێ بۆ قایمقامیەتی قەزای بەردەڕەش دروستکرا، بەڵام دواتر قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و کۆرۆنا تەواوکردنی کارەکانی راگرت و دواتر زیانێکی زۆر بەر باڵەخانەکە کەوتووە، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە دوای سەردانی وەزیری ناوخۆ بۆ پارێزگای دهۆک رەزامەندیدا لەسەر تەواوکردنی پڕۆژەکە”.
وتیشی، دەستکراوە بە تەواوکردنی پڕۆژەی باڵەخانەی نوێی قایمقامیەت و دراوە بە بەڵێندەرێک بەڵێنی داوە لە ماوەی پێنج مانگدا تەواوی بکات و خۆی نۆ مانگ مۆڵەتی پێدراوە و دواتر کەلوپەلی نوێی بۆ دابیندەکرێت.
سەبارەت بە باڵەخانەی کۆنی قایمقامیەتی قەزای بەردەرەش بڕیار وایە چەند فەرمانگەیەکی حکومی بگوازرێتەوە بۆ باڵەخانەکە و کاری خۆیان تێدا بکەن، کە تاوەکو ئیستا بە کرێ لەنێو چەند باڵەخانەیەکدان.
پێداچوونەوە: موحسین عومەر