تایبەت بە +964
رۆژی سەری ساڵ 162 منداڵ لە سلێمانی لەدایکبوون
ڤیدیۆ
بە تەنیا لە رۆژی 1ی 1ی 2023، لە شاری سلێمانی 162 منداڵ لەدایکبوون، کە 133یان بە نەشتەرگەری بووە.
چەند ساڵێکە، بەشێک لە هاوڵاتیان ئاهەنگ و لەدایکبوون و مەراسیمەکانیان دەخەنە رێککەوتێکی بە تێگەیشتنی خۆیان “جوان”.
ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێوبەرایەتی تەندروستی سلێمانی ئامارێکی راگەیاند، دەڵێت بە تەنیا لە رۆژی 1ی 1دا 88 منداڵی کچ و 74 کوڕ لە سەرجەم نەخۆشخانەکانی ئەو شارە لەدایکبوون.
لە بەدواداچوونێکی 964+، دکتۆر ئامانج رەحیم، کە پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوونە لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتەکان سلێمانی، باسی لەوە کرد، “لە نەخۆشخانەکەی ئێمە 15 منداڵ لەدایکبوون، شەش کوڕ و نۆ کچ، لەسەرداواکاری دایک و باوکەکان نەشتەرگەریمان بۆ کردوون و تەندروستی هەمووشیان زۆرباشە”.
سامان لەتیف، وتەبێژی تەندروستی سلێمانی بە 964+ی وت، لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی حکومی 29 منداڵ و لە تایبەتەکانیش 133 منداڵ لەدایکبوون.
ئارام سەعید، باوکی منداڵێکە کە لە نەخۆشخانەی منداڵبوون لەدایکبووە، بۆ 964+ی باسکرد، “لە کاتژمێر 12:01ی شەوی ساڵی تازە منداڵەکەمان لەدایکبوو، سوپاس خوا دەکەم لەو بەروارە جوانەدا مناڵەکەمانی پێبەخشین”.