تانکییەکی غازی LPG لە یەکێک لە بەنزینخانەکانی سلێمانی - وێنە: 964
بوو بە 600 دینار
لە سلێمانی لیترێک غازی ئۆتۆمبێل 25 دیناری تری چووەسەر
964+
پێشەوا محەمەد
لەناو بەنزینخانەکانی سلێمانی نرخی هەر لیترێک غازی LPGـی ئۆتۆمبێل 25 دیناری چوەتەسەر و لە 575 دینارەوە بووە بە 600 دینار.
هەفتەی رابردوو 25 دینار چووە سەر هەر لیترێک و لە 550 دینارەوە بوو بە 575 دینار.
کاروان حەمید، بەڕێوەبەری یەکێک لە بەنزینخانەکان لەسەر شەقامی مەلیک مەحمود لە شاری سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، بە دیاریکراوی نازانن هۆکاری گرانبوونی غازی ئۆتۆمبێل چییە، بەڵام پێشبینی دەکات لەو نرخەی ئێستاشی زیاتر بەرز ببێتەوە.
بە پێی بەدواداچوونێکی 964، لە مانگی هەشتەوە تا ئێستا هەر لیترێک غازی ئۆتۆمبێل 200 دینار گران بووە.
سەرچاوەیەکی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، غازێکی زۆر بەرەو پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەڕوات و ئەوەش وای کردووە لە ناوخۆدا غازەکە گرانتر بدرێت بە بەنزینخانەکان.
بە هۆی گرانیی نرخی بەنزینەوە، زۆرێک لە شۆفێران سیستمی سووتەمەنیی ئۆتۆمبێلەکانیان لە بەنزینەوە کردووە بە غاز و زۆرینەی بەنزینخانەکانیش ئەو غازەیان هەیە.