پەرلەمانی کوردستان لە ساڵێکدا 15 دانیشتنی کردووە


+964
فەهمی نەبی – هەولێر

پەرلەمانی کوردستان لە هەردوو خولی گرێدانی بەهارە و پاییزە تەنیا 15 دانیشتنی ئەنجامداوە و لە ماوەی ساڵێکیشدا 12 یاسای دەرکردووە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 3ی کانونی دووەمی 2023، ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، ئاماری ساڵێکی چالاکییەکانی پەرلەمانی کوردستانی بڵاوکردەوە.

بەپێی داتاکانی ئەو رێکخراوە، دەبوو پەرلەمانی کوردستان لەنێوان خولی پایزە و بەهارە دانیشتنی گرێدان ئەنجامبدات، بەڵام سەرۆکی ئینستتیوتی پەی دەڵێت، “دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بیری چووە دانیشتنی گرێدان ئەنجامبدات”.

بەپێی مادەی 7 و 18ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، دەبێ پەرلەمان لە کۆتایی هەر خولێک ئاگاداری لەبارەی خولی گرێدان رابگەیەنێت، بە قسەی سەروەر عەبدولرەحمان ،سەرۆکی رێکخراوەکە، ئەمە پێشێلی یاسایە.

لە داتاکانی ئینستتیوتی پەی هاتووە، پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی یەک ساڵدا هیچ لێپرسینەوەیەکی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرەکانی نەکردووە، هەروەها هیچ بیرۆکەیەک لە لایەن ئەندامانەوە پێشکەش نەکراوە.

مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان بە +964ی وت، “ئێمە مامەڵە لەگەڵ ئەو داتایانە ناکەین و پێمان وایە فەرمی نین”.

لەبارەی پێشێلی یاسای پەیڕەوی ناوخۆ مونا دەڵێت، “بە رای خۆمان پێشێلی یاسامان نەکردووە”.

پەرلەمانی کوردستان ساڵانە دوو وەرزی گرێدانی هەیە، وەرزی یەکەم لە سەرەتای مانگی ئادارەوە دەستپێدەکات تا کۆتایی مانگی حوزەیران، وەرزی دووەم لە سەرەتای مانگی ئەیلول دەستپێدەکات تا کۆتایی کانونی یەکەم.

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، رێکخراوێکی ناحکومییە و ساڵانە ئامار لەبارەی پەرلەمان و کەرتی پەروەردە بڵاودەکاتەوە.