سەوزەواتی پردێ سەرنجی رێبواران رادەکێشێ
هەلیکاری بۆ ژمارەیەک لە خەڵکی ناوچەکە رەخساندووە
میدیازان – وریا رەسوڵ – دوبس
کاتێک لە هەولێرەوە بەرەو کەرکوک دەچیت، یان بە پێچەوانەوە لە کەرکوکەوە دێیتە هەولێر، ئەوەی لەو رێگایەدا سەرنجی رێبواران و تەنانەت گەشتیارانیش رادەکێشێت بوونی چەندان فرۆشیاری سەوزەیە.
ناحیەی پردێ، کە دەکەوێتە باکوری رۆژهەڵاتی کەرکوک بە تور و سڵق و جۆرەکانی تری سەوزە بەناوبانگە، لەو شارۆچکەیەدا دەیان دۆنم زەوی بە سەوزە چاندراون و هەلی کاری بۆ چەندان جوتیارو خەڵکی دەڤەرەکە رەخساندووە.
پردێ، زەمەنێکی زۆرە بە کاهو و تورو سڵق و سەوزە ناسراوە، بەرهەمی جوتیارانی ئەو ناوچهیەی کە دەکەوێتە سەر زێی بچووک، دەچێتە بازاڕی هەموو شارەکانی عێراق بەتایبەت کەرکوک و هەولێر. جگە لەمەش چەندان مێز لەسەر دووسایدەکە هەیە کە سەرنجی رێبوارانی راکێشاوە، زۆرێک لەوانەی لە هەولێرەوە دەچنە کەرکوک یانیش بەپێچەوانەوە دێنە هەولێر، لادەدەن بۆ کڕینی سەوزە.