وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی - وێنە: وەزارەتی کار و راوباری کۆمەڵایەتی لە فەیسبووک
تەنیا دەرچوونی رێنمایی ماوە
ئەنجومەنی کورتەباڵاکان چاوەڕێی دەرچوونی رێنمایین بۆ سندوقی هاوکاری
964+
شۆڕش هەرکی – هەولێر
وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی داوە لەسەر پەیڕەوێک بۆ سندوقی هاوکاری کەمنئەندامان و کورتەباڵاکان، بەڵام رێنمایی بۆ دەرنەچووە، ئەنجوومەنی کورتەباڵاکان دەڵێن، ئەم سندوقە دەستی خێرخوازان واڵا دەکات بۆ یارمەتی.
زەکیە سەید ساڵح، بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی به 964ـى وت، “ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر ئەو پەیڕەوە داوە سەبارەت بە سندوقی هاوکاری، خەریکی دەرکردنی رێنمایین بۆ ئەم سندوقی هاوکارییە، هاوکاری وەرزشی، پەروەردەیی، تەندروستی و چەندانی تر دەگرێتەوە، چونکە بەدانانی ئەم سندوقە، بەشێک لەبودجەی وەزارەتی بۆ تەرخاندەکرێت”.
بەوتەی زەکیە ساڵح، جگە لەوە ئەنجومەنێک هەیە، نوێنەری سەرجەم وەزارەتەکانی تێدایە، لەهەبوونی هەر کێشە و گرفتێکی کورتەباڵاکان و کەمئەندامان بەدواداچوونی بۆ دەکەن.
سەبارەت بە سندوقی هاوکاری دڵشاد قادر سەرۆکی ئەنجومەنی کورتەباڵاکانی هەرێمی کوردستان بە 964ـى وت، “ئاگادارین ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی نیشانداوە، بەڵام هێشتا هیچ رێنماییەک دەرنەچووە، دانانی ئەم سندوقە دەستی خێرخوازان واڵاتر دەکات بۆ هاوکاری کەمئەندامان”.
دڵشاد قادر دەڵێت، “لەبواری تەندروستی کەمئەندامان و کورتەباڵاکان پێویستیان بەچەندین چارەسەر و نەشتەرگەری هەیە و دەتوانن سوود لەم سندوقە وەربگرن”.
لەبارەی موچە و گوزەرانی ژیانی کەمئەندامان و کورتەباڵاکان، زەکیە سەید ساڵح، بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، لە یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2011، هەموارکراوی ژمارە هەشتی ساڵی 2021، کورتەباڵاکان ناویان لەنێو یاساکەدا نەبوو، بەڵام وەک خاوەن پێداویستی تایبەت هاوکاریان دەکرا، وەک کورتەباڵا 980 کەس هاوکاری وەردەگرێت، بەشێکیان فەرمانبەری حکومەتن یان کەرتی تایبەت، بەشێکیشیان خاوەنی هیچ داهاتێک نین.
لەهەرێمی کوردستان 76 هەزار 270 کەس، وەک خاوەن پێداویستی تایبەت لەوەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی مووچەی مانگانە وەردەگرن، بەگشتی مووچەی سەرجەم کەمئەندامان 150 هەزارە، بەڵام ئەوانەی فەرمانبەری حکومەتن، 100 هەزاریان پێدەدرێت.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی