کوێستان محەمەد: هەزاران کەس موچەی کەمئەندامی وەردەگرن و کەمئەندامیش نین

964+

توانا نەقی – هەولێر

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، ناعەدالەتی هەیە لە لیستی موچەی کەمئەندامان، گوایە هەزارانیان کەمئەندام نین و موچەش وەردەگرن.

کوێستان محەمەد، وەزیر کاروباری کۆمەڵایەتی ئەمەی لە پەڕەی وەزارەتەکەی بڵاوکردووەتەوە لە فەیسبووک.

ئەو دەڵێت، لە لیستی موچەی کەمئەندامان، پەرلەمانتاری خانەنشین و ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای تێدایە و موچەکەی 100 هەزار دینارە کە وەریدەگرن.

هەروەها باسی لەوە کردووە، “هەزاران کەس موچەی کەمئەندامی وەردەگرن، بەڵام کەمئەندام نین و مافی کەمئەندامی راستەقینەیان خواردووە، دەبێت بزانن ئەو پارەیە حەرامە”.

964+ دەزانێت، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 89 هەزار کەمئەندام لەناو لیستی موچە وەرگرتنی وەزارەتی کارو کاروباری کەمەڵایەتیدان،  لەکاتێکدا لە هەموو عێراق 100 هەزار کەمئەندام بوونی هەیە.

لەوبارەیەوە، سامان حسێن، سکرتێری یەکێتی کەمئەندامانی کوردستان بە 964+ی وت، بەپێی یاسا هەرکەسێک لە هەر پلە و پۆستێکدا بێت، بە مەرجێک کەمئەندام بێت مافی ئەوەی هەیە موچە وەربگرێت.

ئەویش پشتڕاستیکردەوە، پلەدار و وەزیری هەبووە کە موچەی کەمئەندامییان وەرگرتووە، تەنانەت کەسایەتی بازرگانی گەورەش هەبووە کە لە رێگەی بریکارەوە موچەکەیان وەرگرتووە و بەشێکیشیان کردوویانە بە خێر.