تیمەکانی بەرگری و تیمە فریاگوزارییەکانی هەولێر، سەرقاڵی کارکردن _ وێنە: بەرگری شارستانی هەولێر
ئاگاداری مۆبایل و هیتەر بن
کارەبا هۆکاری 40%ی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە بووە لە هەولێر
964+
ئەحمەد مستەفا
بەرگریی شارستانیی هەولێر لە 11 مانگی رابردوودا هەزار و 950 رووداوی ئاگركەوتنەوەی تۆمارکردووە، 40%ی ئەو ئاگرکەوتنەوانەش بەهۆکاری کارەبا بووە.
وتەبێژەکەیان داوا دەکات، خەڵک کە خەوتن مۆبایل بەشەحنەوە نەکەن و هیتەر دانەگیرسێنن، هەروەک کەیبڵ و وایەری ئەسڵی بۆ ئامێرەکانیان بەرکابهێنن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 14.12.2023، موقەدەم كاروان میراودەلی، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی وتووە، بە هۆكاری بەكارهێنانی ئامێرە كارەباییەكان بە شێوەیەكی خەمسارد و بێئاگایانە، ئەگەری رووداوەكانی شۆرتی كارەبا و ئاگركەوتنەوە زیادیان کردووە.
لە هەمان كاتدا خراپیی كەرەستەكانی كارەبا و پێكەوەلكاندنی وایەرەكان و درێژكردنەوەیان بە شێوەیەكی نادروست، دەبێتە هۆی شۆرت و رووداوی ئاگركەوتنەوە، ئەوەشی وت، “پێویستە خەڵك لە كاتی خەودا تا دەكرێت ئامێرە كارەبایی و گەرمەكەرەوەكان بەجێ نەهێڵن، چونكە لە ئەگەری هەر ڕووداوێكدا، مرۆڤ لە خەودا ئەو هۆشیارییەی نییە بە تەنگ رووداوەكەوە بچێت و خۆی رزگار بكات”.