حاسڵاتی ئەم بەیانییە

ئەمریکا: حکومەتە توندڕەوەکەی ئیسرائیل پشتیوانی نێودەوڵەتی لەدەستداوە

+964

ژووری هەواڵ

جۆ بایدن داوای لە ناتەنیاهۆی سەرەک وەزیرانی ئیسرائیل کرد گۆڕانکاری لە حکومەتەکەیدا بکات و دەڵێت: ئەو حکومەتە توندڕەوە پشتیوانی نێودەوڵەتی لەدەست داوە بەهۆی بۆردومانی هەڕەمەکی غەزەوە.

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا توانیوێتی تەرمی دوان لە دیلەکانی بەدەست بهێنێتەوە، یەکێک لەوانە سەربازێکی تەمەن (36) ساڵە کە رۆژی حەوتی ئۆکتۆبەر لەکاتی هێرشەکەی حەماسدا کوژراوە.

نووسینگەی میدیایی حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاند لە کۆی ئەو دیلانەی لەلای حەماس ماون، تائێستا 19 کەسیان کوژراون، یەکێک لەوانە هاوڵاتییەکی تەنزانییە، پێشتریش ئیسرائیل وتبووی 137 دیلی لەلای حەماس ماوە.

ئەم بەیانییە سوپای ئیسرائیل تووشی گورزێکی گەورە هاتووە، لە بۆسەیەکدا هەشت سەربازی پێکەوە کوژراون، سەربازەکان چوون باڵەخانەیەک لە ناوچەی شجاعیەی غەزە بپشکنن، بۆمبێک پیایاندا تەقیوەتەوە.

بەرپرسانی حکومەتی فەلەستین وەڵامی ناتەنیاهۆیان دایەوە و دەڵێن ئیسرائیل لە بیانوویەک دەگەڕێت بۆ ئەوەی لە کەناری خۆرئاوا شەڕ دروست بکات، دوێنێ ناتەنیاهۆ وتبووی ئامادەن شەڕ لەگەڵ دەسەڵاتی فەلەستینیش بکەن.

نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند پێنج یەکی ماڵ و بیناو باڵەخانەکانی غەزە بە تەواوی یان بە نیمچە تەواوی وێران بوون، وێرانکاری بە 40 هەزار بیناوە دیارە.