ئەمڕۆ لە پەرلەمانی ئەوروپا

مەراسیمی بەخشینی خەڵاتی ساخارۆڤ بە ژینا ئەمینی بەڕێوەچوو

964+

پێشەوا محەمەد

ئەمڕۆ سێشەممە پەرلەمانی ئەوروپا خەڵاتی ساخارۆڤی بە ژینا ئەمینی بەخشی، بەڵام بەهۆی رێگریکردن لە خێزانەکەی لە لایەن ئێرانەوە، نەیانتوانی بەشداری بکەن.

خەڵاتەکە لە لایەن ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینییەوە وەرگیرا و پەیامی موژگان ئیفتیخاری، دایکی ژینای لەناو پەرلەمانی ئەوروپا خوێندەوە.

پەرلەمانی ئەوروپا خەڵاتی ساخارۆڤی بۆ ساڵی 2023 بە ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی ژن، ژیان و ئازادی بەخشی.

پێشتر هادی رەسوڵزادە، وتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا بە 964ـی راگەیاندبوو، یەکێتیی ئەوروپا بانگهێشتی خێزانی ژینا ئەمینییان کردبوو بۆ ئامادەبوون لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکە، “بەڵام لە ئێران بە بنەماڵەکەی وتراوە و چوونەدەرەوەیان قەدەغەیە و دەستبەسەر پاسپۆرتەکانیاندا گیراوە”.

لە 13.9.2022ـدا ژینا ئەمینیی تەمەن 22 ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، بە تۆمەتی نەکردنی حیجاب لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تاران رێکاری لە بەرامبەر گیرایەبەر و دواتر بە هۆکارێکی ناڕوون لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

رێگە نەدرا خانەوادەی ژینا ئەمینی بچن بۆ فەرەنسا

رێگە نەدرا خانەوادەی ژینا ئەمینی بچن بۆ فەرەنسا