بۆ یه‌كه‌مجار كوردستان له‌ ئاماده‌كردنی پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2023ی عێراق به‌شداره‌

964+
هێرۆ مه‌ولودی – هه‌ولێر

بۆ یه‌كه‌مجار حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ ئاماده‌كردنی پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2023ی حكومه‌تی عێراق به‌شداریی ده‌كات و له‌سه‌ر داوای كوردیشه‌.

لە رۆژەکانی سەرەتای ساڵی 2023 هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ رێکكەوتن و دانوستان لەگەڵ ‌‌حکومەتی عێراق و شاندێك بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ چاوه‌ڕێی كات ده‌كات.

جووتیار عادل وتەبیژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد شاندەکەی ‌هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ ئه‌وه‌ی دووباره‌ سەردانی بەغدا بكاته‌وه‌، سەرەڕای ئەوەی ئه‌و شاندەی ‌هەرێم لە مانگی کۆتایی ساڵی 2022ـیش بۆ پرسە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان، له‌وانه‌ بودجە، نەوت و چاودێریی دارایی لەگەڵ شاندی بەغدا کۆبووەتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش شاندی هەردوولا لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ تەواوکردنی وردەکارییەکان رێککەوتن.

وتیشی: “یه‌كه‌مجاره‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ نووسینه‌وه‌ی پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی عێراق به‌شداریی ده‌كات و ئاماده‌یی هه‌یه‌، ئه‌مه‌ له‌سه‌ر داوای ئێمه‌ بووه‌”.

جووتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

هه‌روه‌ها عه‌بدولحەکیم خەسرەو ئەندامی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ به‌غدا، تایبەت بە 964+ـی وت، “هەرێمی کوردستان ئامادەیە و چاوەرێی دیاریکردنی کاتە بۆ کۆبوونەوە و دانوستانی تایبەت له‌گەڵ ‌حکومەتی عێراق لەسەر بنەمای دەستوور بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەروەها پرسی بودجە و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان.

کوردستان ئامادەیە و چاوەرێی دیاریکردنی کاتە بۆ کۆبوونەوە و دانوستانی تایبەت له‌گەڵ ‌حکومەتی عێراق

ئەو ئەندامەی شاندی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستەڕوو، لە دوایین کۆبوونەوەیان له‌گەڵ شاندی بەغدا، هەرێمی کوردستان داوای رێژەی 17% لە بەشەبودجە بۆ ساڵی 2023 کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە وەزارەتی پلاندانانی عێراق رێژەی 14% بۆ بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان پێشنیار کردووه‌.