پارەی كارەبا لە دهۆك گرانە

964+
كوردستان ئەحمەد- هەولێر

نرخی پاره‌ی مانگانەی مۆلیدە ئەهلییەكان لە هه‌ولێر، سلێمانی و دهۆك دیاریی كرا، لە دهۆك نرخی یەك ئەمپێر نزیكەی 20 هەزار دینارە و به‌راورد به‌ شاره‌كانی دیكه‌، زیاتره‌.

نرخی یەك ئەمپێر كارەبا بۆ مانگی كانوونی دووه‌می 2023 لە پارێزگای سلێمانی 13 هەزار تا 16 هەزار دینارە، لە هەولێر 14 تا 16 هەزار دینارە و لە پارێزگای دهۆكیش 19 هەزار و 500 دینارە.

هەكار بەرواری، بەڕێوه‌به‌ری كۆمه‌ڵه‌ی مۆلیدە ئەهلییەكان لە پارێزگای دهۆك بە 964+ـی راگەیاند، لە دهۆك كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان زۆرە، بۆیە نرخی كارەباكەش زۆرتره‌.

لە مانگی رابردوودا مۆلیدە ئەهلییەكان له‌ دهۆك 313 كاتژمێر كارەبایان به‌ هاوڵاتیان داوه‌، لە سلێمانی 290 كاتژمێر و لە هەولێریش 280 كاتژمێر.

بەقسەی هەكار بەرواری، لە پارێزگای دهۆك رۆژانە هەشت كاتژمێر كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان بە هاوڵاتیان ده‌درێت، بەشێك لەو كارەبایە لە رۆژدایە و بەشێكی دیكەشی لە شەودایە.

لە سلێمانییش بەیانیان دوو كاتژمێر كارەبا بە هاوڵاتیان دەدرێت.

تاریق سەمین سەرۆکی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکان لە سلێمانی بە964+ـی راگەیاند، لە پارێزگای سلێمانی كارەبای نیشتمانی لە كاتژمێر 6ی بەیانییەوە دەستپێدەكات تا كاتژمێر 8ی بەیانی، لە ئێوارانیش كاتژمێر یەكی نیوەڕۆ تا یەكی شەو، هەركاتێكیش كارەبا بڕا، مۆلیدە ئەهلییەكان دەكەونەكار.

هه‌روه‌ها لە هەولێر هەركاتێك كارەبای نیشتمانی نەبێت، كارەبای مۆلیدەكان بە هاوڵاتیان ده‌درێت.

قارەمان مەولوود، بەرپرسی مۆلیدە ئەهلییەكانی پارێزگای هەولێر بە 964+ـی راگەیاند، “لە پارێزگای هەولێر بەیانیان كاتژمێر شەش تا كاتژمێر هەشت كارەبای مۆلیدەی ئەهلی دەبێت و ئێوارانیش لە كاتژمێر یەكی نیوەڕۆ تا كاتژمێر یەكی شەو هەر كاتێك كارەبای نیشتیمانی نەبێت، كارەبای ئەهلی دەدرێت.

لە سەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، گۆرانكاری لە نرخی ئەمپێری كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان، بەهۆی كەمیی پێدانی كارەبای نیشتمانییەوەیە.