250 هەلی کار دەڕەخسێنێت

لە سێمێل گەورەترین پرۆژەی تەندروستی دەکرێتەوە

+964

هیڤی دێوالی-دهۆک

کەرتی تایبەت لە ناوەندی قەزای سێمێل نەخۆشخانەیەک دەکاتەوە، رووبەری نەخۆشخانەکە دوو هەزار و 500 مەتری دووجایە، لە چوار قات پێکدێت.

فەلاح حاجی، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەریاتی وەبەرهێنانی گشتی دهۆک بە 964ـى وت، گەورەترین نەخۆشخانەی تایبەت بە ناوی “سێوار” لە سەنتەری قەزای سێمێل 85%ـی کارەکانی تەواو بووە، بە تەواو بوونی نەخۆشخانەکە زیاتر لە 250 هەلی کار بۆ پزیشک و کارمەندانی کارگێری و خزمەتگوزاری دەڕەخسێنێت.

وتیشی، تێچووی پڕۆژەکە نۆ ملیۆن و 377 هەزار و 143 دۆلارە، نەخۆشخانەکە پێکدێت لە به‌شی چاودێری چڕ (ISU) لەگەڵ پێنج ژووری نەشتەگەری، ژووری نەشتەرگەری لەدايكبوون، هه‌روه‌ها به‌شێکی‌ تايبه‌ت بە پاكکردنەوەی ئۆكسجين.

نەخۆشخانەکە ئەم بەشانەش لە خۆ دەگرێت 26 کلینکی پزیشک و دەرمانخانە و تاقیگەی تیشک و ژووری برینپێچ و کافتریا و پارکێکی ئۆتۆمبێل و خزمەتگوزاری پزیشکی.

پێداچوونەوە: موحسین عومەر