دیمەنی دانانی سەرەمەنهۆڵ لە بەشێکی کۆڵانەکانی قەزای سەیدسادق _ وێنە: شارەوانی سەیدسادق
35 ملیار دیناریشی پێویستە
سەیدسادق 10 ملیۆن دیناری بۆ چاکسازی لە مەنهۆڵەکان خەرجکردووە
ئەحمەد مستەفا
چەند رۆژێکە لیژنەکانی نۆژەنکردنەوەی شارەوانی سەیدسادق، بەبڕی 10 ملیۆن دینار دەستیان کردووە بە نۆژەنکردنەوە و دانانی 250 سەرەمەنهۆڵ تا کۆبونەوەی ئاو روونەدات، پڕۆسەکە زۆرینەی گەڕەکەکانی گرتووەتەوە، بەڵام کێشەکە هەر لێرە نییە، ئەم قەزایە پێویستی بە 35 ملیار دینارە بۆ ئەوەی تەواوی گەڕەکەکانی خزمەتگوزاری پێبگات.
ئەمڕۆ شەممە 9.12.2023، حەمزە محەمەد، سەرۆکی شارەوانی سەیدسادق بە 964ی وت، زۆرینەی گەڕەک و ناوچەکانی سەیدسادق هێشتا وەک پێویست دەستی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری پێ نەگەیشتووە، بەلایەنی کەمەوە 35 ملیار دینارمان بۆ ئەو پڕۆسەیەش دەوێت.
بە وتەی ئەو بێت، ئەوان داواکارییەکانیان بۆ پارێزگای سلێمانی، وەزارەتی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانیان کردووە، بەڵام بە بیانووی قەیرانی دارایی “هەموو نوسراوەکان بە رەفز” هاتوونەتەوە.
سەنتەری سەیدسادق 75 هەزار کەسی تێدا نیشتەجێیە، بەکۆی سنورەکەی 106 هەزار کەسن، زۆرینەی کۆڵانەکانی ئاو، ئاوەڕۆ، شۆستە و رێگەی قیر و کۆنکرێتی پێ نەگەیەندراوە، تەنانەت کۆڵان هەن هێڵی کارەبای نییە.