"لەوە دەچێت چەند رۆژێک بێت کوژرابێت"

لە خانوێکی گەڕەکی خانەقای هەولێر هاوڵاتیەک بە کوژراوی دۆزراوەتەوە

شیراز عەبدوڵا- هەولێر

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکانی هەولێر لە کەیسێکی کوشتن لە یەکێک لە خانوە تێکدراوەکانی گەڕەکی خانەقای هەولێر ئاگادارکراونەتەوە، دواتر دەردەکەوێت کەسێک کوژراوە و تەمەنی 35 ساڵ دەبێت.

پەیامنێری 964 لە شوێنی رووداوەکەیە، شایەتحاڵێک لەو شوێنە وتویەتی ئەو هاوڵاتیە بە رەگەز عەرەبە و لەدایک بووی 1988 بووە.

لە شوێنی کوشتنەکە لەگەڵ ئەوەی ئاسەواری خوێن بینراوە، دار و بلۆک لەو شوێنە بووە کە ئەو هاوڵاتیەی لێ کوژراوە.

شایەتحاڵێکی دیکە نزیکی رووداوەکە بووە وێنەی تەرمەکەی گرتووە و بۆ 964ی نارد دەڵێت، “لەوە دەچوو رووداوی کوشتنەکە چەند رۆژێک لەمەوبەر بوبێت چونکە رەنگی تەرمەکە و خوێنەکەی گۆڕابوو”.

964 چەند جارێک پەیوەندیکرد بە وتەبێژی پۆلیسی هەولێر، بەڵام وەک هەمیشە وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە.

گەڕەکی خانەقا یەکێکە لە گەڕەکە کلتوریەکانی هەولێر و دەکەوێتە چەقی بازاڕی شاری هەولێر، بەشی هەرە زۆری خانوەکانی چۆڵن.

تەرمی ئەو هاوڵاتیەی ئەمڕۆ لە گەڕەکی خانەقا دۆزرایەوە.

لە خانوێکی گەڕەکی خانەقای هەولێر هاوڵاتیەک بە کوژراوی دۆزراوەتەوە