لەگەڵ دکتۆرەکەی سەما دەکەن

هەر بەدەم سەماوە شێرپەنجەکەی تێپەڕاند

964+

موحسین عومەر – هەولێر

تیا ستۆکس، ئەو خانمەیە کە بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشی شێرپەنجەی خوێنەوە چەند ساڵێکە دەناڵێنێت، لەکۆتاییدا توانی بەسەر نەخۆشییەکەدا زاڵ بێت، بەڵام بە رێگەیەکی سەیر و جیاواز.

ئەوەی سەرنجی هەموانی راکێشاوە، جگە لە وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی، تیا رۆژانە ماوەی 15 خولەک، سەمای کردووە، ئەمەش بەپێی رێنمایی پزیشک کە پێیانگوتبوو پێویستە رۆژانە 15 خولەک بە وەرزشێک جەستەت بجووڵێنیت، ئەویش سەماکردنی بە باشترین رێگە زانیبوو.

تیا تەمەنی 34 ساڵە و خاوەنی پێنج منداڵە، لە ساڵی 2020-ەوە چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجە وەردەگرێت، دواجار توانی بەسەریدا زاڵ بێت و ئەو نەخۆشییە تێپەڕێنێت، بەگوێرەی قسەی پزیشکەکەی، ئەو سەمایەی کردوویەتی کاریگەریی زۆری هەبووە لەسەر چاکبوونەوەی لە نەخۆشییەکەی.

تیا ڤیدیۆی سەماکانی لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە پلاتفۆڕمی “تیکتۆک” دابەزاندووە و بینەرێکی زۆری بۆخۆی راکێشاوە، بەناوبانگترین ڤیدیۆشی ئەوە بووە کە لەگەڵ پزیشکەکەیدا پێکەوە سەمایەک دەکەن، بینەری ئەو ڤیدیۆیەی هەشت ملیۆنی تێپەڕاندووە، لە بایۆی تیکتۆکەکەیدا نووسیویەتی “Cancer Dancer” واتا “سەماکاری شێرپەنجە”.