لە زاخۆ بۆ نەخۆشخانەی سووتاوی مەگەڕێ

964+

شیڤان عەبدوڵا – زاخۆ

لە زاخۆ نەخۆشخانەی سووتان نییە و هەر کەسێک تووشی رووداوی سووتان ببێت و برینەکەی پێویستی بە چارەسەری پزیشکی هەبێت، ناچار دەبردرێتە دهۆک.

هەر بریندارێکی سووتان لە زاخۆوە بۆ گەیشتن بە دهۆک نزیکەی یەک کاتژمێری پێویستە.

ئەمیر عەلی، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی زاخۆ بە 964+ـی راگەیاند، بەهۆی نەبوونی بەشی سووتان لە نەخۆشخانەی گشتی زاخۆ، هەر کەسێک تووشی سووتان ببێت ناچارین رەوانەی دهۆکی بکەن.

“نەبوونی بەشی سوتان لە نەخوشخانەی گشتی کاریگەرییەکی زۆری کردووەتە سەر کەرتی تەندروستی لە زاخۆ، چونکە بەبەردەوامی رووداوی ئاگرکەوتنەوە و خۆسوتان روودەدەن… ھەوڵی جدی دەدەین لە ساڵی ئایندەدا نەخوشخانەی سووتان لە ئیدارەی زاخۆدا بکرێتەوە”. ئەمیرعەلی وای وت.

تەنیا لە ساڵی 2022 لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ  66 حالەتی سووتان هەبوون، لەبەر نەبوونی بەشی سووتان و پزیشکی تایبەتمەند، هەموویان رەوانەی شاری دهۆک کراون.