حاسڵاتی رووداوەکانی ئەمڕۆ
ئیسرائیل کوژرانی سێ سەربازی راگەیاند و 7500 کەسیش لە غەزە بێ سەروشوێنن
964+
ژووری هەواڵ
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند لە شەڕەکانی باکوور و ناوەڕاستی غەزە سێ سەربازی کوژراون و چەند سەربازێکی تریش بریندار بوو.
بەپێی مەزەندەی دامەزراوە فەلەستینییەکان تائێستا 7500 کەس لە غەزە بێ سەروشوێنن، بەشێکی زۆر لەوانە مردوون و تەرمەکانیان لەژێر داروپەردوودایەو ناتوانن دەریانبهێننەوە.
تەندروستی غەزە دەڵێت: 600 کەس لە غەزە هەن دەبێت هەفتانە سێجار گورچیلەیان بۆ بشۆردرێت، بەڵام ئێستا بەهۆی پەککەوتنی زۆربەی نەخۆشخانەکانەوە ژیانیان لە مەترسیدایە.
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز نوسیوێتی: لە مێژووی غەزەدا تائێستا کۆچی زۆرەملێی لەم شێوەیە رووی نەداوە، نزیکەی 80%ی دانیشتوانی باکووری غەزە ناچارکراون روو لە باشوور بکەن، بەمەش چڕی دانیشتوان گەیشتووەتە ئەوپەڕی.
سوپای ئیسرائیل لەگەڕی دووەمی شەڕدا غەزەی دابەشکردووە بۆ 2300 بلۆکی جیاواز، بەپێی پلانە نوێیەکەی دانە دانە هێرشە دەکاتە سەر ئەو بلۆکانە و دانیشتوانەکەی ناچار دەکات ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن.
تەندروستی فەلەستین دەڵێت: هێرشەکانی ئیسرائیل تەنیا غەزەی نەگرتووەتەوە، بەڵکو کەناری خۆرئاواش حاڵی باش نییە، لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە تائێستا 256 فەلەستینی لە کەناری خۆرئاوا کوژراون، لەو ناوچەیەی لەژێر دەسەڵاتی حەماسدا نییە.