دیمەنێک لە گوندی کۆڵەبی. فۆتۆ: فەیسبوکی گوندی کۆڵەبی
خانووی نوێ تێکدەدرێت
شارەوانیی سلێمانی بۆ دانیشتوانی دوو گوند: خانووی نوێ تاپۆ ناکرێت
964+
ژووری هەواڵ
شارەوانیی سلێمانی ئاگادارییەکی بۆ دانیشتووانی دوو گوند لە باکوور و رۆژهەڵاتی شار بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، هەر خانوویەکی نوێ لە گوندەکە دروست بکرێت تاپۆ ناکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 3.12.2023، زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، تەواوی گوندی کۆڵەبی، جگە لە پارچەی ژمارە 117، بە زیادەڕۆ دادەنرێت و تەنیا ئەو خانووانەی گوندەکە تاپۆ دەکرێن، کە لە پێش رێکەوتی 31.12.2020 دروستکراون.
لە گوندی رازیانەی کانی شینکە لە باکووری شار، هەمان کێشە هەیە، شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، ماوەی 11 ساڵە بڕیاری فراوانکردنی گوندەکە لەلایەن وەزیری ناوخۆوە پەسەند نەکراوە، هەموو گوندەکە بە زیادەڕۆ دادەنرێت، تەنیا ئەو خانووانە تاپۆ دەکرێن پێش دوو ساڵ بەر لە ئیستا دروستکراون.
“هەر خانوویەکی نوێ لەو گوندەدا دروست بکرێت بە هیچ شێوەیەک تاپۆ ناکرێت و لەبەرئەوەش شارەوانیمان بەرپرس نییە لە هەر زەرەر و زیانێک کە لە ئەنجامی دروستکردنی خانووی نوێ بەر هاوڵاتیان بکەوێ”، شارەوانیی سلێمانی وا دەڵێت.
ئەو زەویانەی کە دوو ساڵ بەر لە ئێستا کراون بە خانوو، بەر یاسای قەدەغەکردنی زیادەڕەوی (ژمارە سێ ساڵی 2018) دەکەون و بەپێی یاسای تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆکان (ژمارە سێ ساڵی 2019ـی هەموارکراو) تاپۆ دەکرێن.
شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، گوندی کۆڵەبی یەکێک نییە لەو 29 گوندەی کە سنوورەکانیان بە بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی فراوانکران.