دوا دەرفەتە بۆ قەرزدارانی خانووبەرە لە هەڵەبجە
قەرزەکەت بدەرەوە و 15% داشکاندن وەربگرە
964+
ژێوار خدر
ئەو هاوڵاتییانەی قەرزی خانووبەرەیان لەسەرە لە هەڵەبجە، تەنیا چەند رۆژێک دەرفەت لەبەردەمتان ماوە بۆ ئەوەی لە بەشێکی زۆری پارەکە و تەواوی سزای دواکەوتن خۆشببن، بۆیە پەلە بکەن پێش ئەوەی ساڵ تەواو بێت.
بەڕێوەبەرایەتیی بانکی خانووبەرەی هەڵەبجە، ئاگادارییەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، هەر کەسێک تا رۆژی 31.12.2025، واتە تا کۆتایی ئەم مانگە، کۆی گشتی ئەو بڕە پارەیەی کە وەک قەرز (قیست) لەلای ماوە بە یەکجار بیگەڕێنێتەوە، ئەوا بە رێژەی 15% داشکاندنی بۆ دەکرێت لە بڕە پارە بنەڕەتییەکە.
روونیشێکردووەتوە، ئەمە “دوا دەرفەتە” و ئیمتیازێکی گەورەی تێدایە، ئەویش ئەوەیە هەرکەسێک بەم بڕیارە قەرزەکە بداتەوە، جگە لە داشکاندنەکە، لەو بڕە پارە زۆرەی کە وەک “سوودی دواکەوتن” لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لەسەری کۆبووەتەوە، دەبەخشرێت.
بۆ بەرچاوڕوونی زیاتر، بانکەکە چەند نموونەیەکی بەژمارە خستووەتەڕوو:
ئەگەر هاوڵاتییەک ملیۆنێک دینار قەرزی لای بانکەکە مابێت و بیگەڕێنێتەوە، 150 هەزار دینار داشکاندنی بۆ دەکرێت.
ئەگەر ملیۆنێک و 250 هەزار دینار بێت، 187 هەزار و 500 دینار داشکاندنی بۆ دەکرێت.
ئەگەر ملیۆنێک و 667 هەزار دینار بێت، 250 هەزار دینار داشکاندنی بۆ دەکرێت.