لە راپەڕین ساڵانە 144 هەزار تۆن خاشاک دەسوتێندرێت
“رۆژانە 400 تۆن دەکات”
میدیازان – مەجید بتوێنی – راپەڕین
لە سنوری 15 شارەوانی ئیدارەی راپەڕین، ساڵانە 144 هەزار تۆن خۆڵ و خاشاک دەسوتێندرێت، بەهۆی نزیکی شوێنی کۆکردنەوە و سوتاندنەکان لە ماڵەکان، بەشێک لە هاوڵاتیان بێزاری خۆیان دەردەبڕن.
رێژەی ناوەندیی خۆڵ و خاشاکی رۆژانەی ئەو 15 شارەوانییە 400 تۆنە، کە لە پێنج شوێندا کۆدەکرێنەوە.
میدیازان هاوڵاتیانی ناوچەکەی دواند، ئەوانەی ماڵەکانیان نزیکی زبڵخانەکانە نیگەرانی خۆیان نیشاندا و داوایان کرد، میکانیزمێکی گونجاوتر بۆ لەناوبردنی ماددەکان بگیرێتەبەر.
ئەوان داوادەکەن، کۆمپانیایەکی ریسایکلین (دووبارە بەرهەمهێنانەوە) دابمەزرێت بۆ ئەوەی لە یەک کاتدا لەو کێشەیە رزگاریان ببێت و هاوکات هەلیکاریش بۆ دەیان کەس دروست ببێت.
رێباز مەحموود، بەڕێوەبەری ژینگە و خزمەتگوزاری لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی راپەڕین بە میدیازانی وت، هۆکاری دانەمەزراندنی کۆمپانیای ریسایکلین، تەرخان نەکردنی زەوییە بۆی، چونکە ئەوە مەرجی سەرەکی دروستکردنی کۆمپانیایەکی لەو جۆرەیە.
میدیازان دەزانێت، ئێستا رۆژانە خۆڵ و خاشاک و پاشماوەکان لە حاجیاوا لە چیای ماکۆک کۆدەکرێتەوە کە شوێنێکی گەشتیارییە و یەک کیلۆمەتر لەناو شار دوورە، لە چوارقوڕنە نزیکی شارە و لە گوندی ئەستریلانە، لە رانیە لە دەروازەی شار و لە کلکەی کۆڵێن بەرامبەر زانکۆیە، لە سەنگەسەر لە کەنجاڕە و لە قەڵادزێش لە کۆشکەڵێ کۆدەکرێتەوە.
رێباز مەحموود باسی لەوەکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014 بۆ یەکەمجار گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای پاککەرەوە کردووە و بڕیاربوو، هەر لەو ساڵانەدا کۆمپانیای ریسایکلین درووستبکرێت، نەک هەموو ماددەکان بسوتێندرێن.
میدیازان بینیویەتی، هەندێکجار پاشماوە پزیشکییەکانی بنکە و مەڵبەند و نەخۆشخانەکانی دەڤەری راپەڕین لەو زبڵخانانەدا دەسوتێندرێن یان ژێرگڵ دەکرێن، چونکە هەموو دەڤەرەکە یەک ئامێری سوتێنەر هەیە کە ئەویش جار جار لەکاردەکەوێت.