سزاکەی 100 هەزار دینارە
شارەوانی سلێمانی: دوکاندارەکانی ناوبازاڕ پابەندی پاکڕاگرتن نین
964+
پێشەوا محەمەد
شارەوانی سلێمانی هەڵمەتێکی بۆ سزادانی ئەو دوکاندارانە هەیە، کە خۆڵ و خاشاکەکانیان دەخەنە سەر شۆستەی بەردەم دوکانەکانیان و نایخەنە سەتڵ یان کیسەی خۆڵەوە.
پێشتر شارەوانی سلێمانی سەرجەم دوکاندارەکانی ئاگادار کردووەتەوە، کە ئەگەر سەتڵی خۆڵیان نەبێت تا 100 هەزار دینار سزا دەدرێن.
زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، ئەو هەڵمەتە رۆژانە نییە، بەڵام کە دیاردەکە دەبیندرێت لیژنەیەک ئەو کارە دەکات و دوکانەکان سزا دەدات.
وتیشی، “سزاکە تا 100 هەزار دینارە و بۆ ئەوەیە دوکاندارەکان پابەند بکرێن کە بەردەم خۆیان پیس نەکەن و پابەند بن بە پاکڕاگرتنی شۆستە و شەقامەکانەوە”.
لەناو شاری سلێمانی رۆژانە لەڕێگەی حەوت کۆمپانیاوە زیاتر لە 1000 تۆن خۆڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە.
“هەموو رۆژێک ناوبازاڕ پاک دەکرێتەوە، بەڵام دوکاندارەکان دووبارە خۆڵ و پاشماوەکانیان دەخەنە سەر شۆستە و دوای چەند جارێک ئاگادارکردنەوە سەتڵی خۆڵ و کیس بەکارناهێنن”، زەردەشت رەفیق وای وت.