دەتوانن بێبەرامبەر بینەری یاری زاخۆ بن
یانەی زاخۆ قەرەبووی جەماوەرەکەی دەکاتەوە
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
بەهۆی کێشەی کارەبا یاری زاخۆ و قاسم نەکرا و یانەی زاخۆ بڕیاری داوە جەماوەرەکەی قەرەبوو بکاتەوە.
بڕیاربوو روژی پێنجشەمە 30.11.2023 لە گەڕی شەشەمی خوولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی زاخۆ میوانداریی یانەی قاسمی عێراقی بکات، بەڵام لەبەر کێشەی کارەبا و نەبوونی رووناکی پێویست لەنێو یاریگاکەدا، یارییەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
لەو یارییەدا جەماوەرێکی زۆر ئامادەبوون، هەموویان بلیتی چوونە نێو یاریگایان کڕیبوو، نرخی بلیتەکان لە هەزار تا 10 هەزار دینار بوون، بەڵام بەبێ بینینی یارییەکە لە یاریگا دەرچوون.
دڵژار عەدنان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی یانەی زاخۆ بە 964ی راگەیاند، لە یاریی داهاتوودا کە میوانداری یانەی نەورۆز دەکەین، بینینی یارییەکە بۆ هاندەران لە هەموو کورسییەکان بە جێی VIP پێشەوە بێبەرامبەر دەبێت، بەڵام داوا لە هاندەرانی یانەی زاخۆ دەکەین لەسەر ئەو جێیە دابنیشن کە پێشتر بەپێی بلیتی یارییەکە بۆیان دیاریکراوە.
دلژار وتیشی، کاتی یاریی دواخراوی زاخۆ لەگەڵ یانەی قاسم تا ئێستا دیار نییە، پێدەچێت لە کوتایی مانگی 12 بکرێت، چونکە لەو کاتەدا خوولەکە وەستاوە و کاتەکەی گونجاو دەبێت.
یانەی زاخۆ تا ئێستا لە کۆی پێنج یاری، تەنیا شەش خاڵی بەدەستهێناوە و لە رێزبەندی 12 یەم دێت لە خوولی ئەستێرەکانی عێراق و یارییەکی دواخراویشی هەیە.
پێداچوونەوە: موحسین عومەر