ژمارەیەک کۆڵبەری منداڵ - وێنە: رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو
هەشتیش کوژراون
مانگی رابردوو 110 کۆڵبەر بریندار بوون
پێشەوا محەمەد
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مانگی 11 نزیکەی 110 کۆڵبەر لە سنوورە شاخاوییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بریندار بوون و هەشتیشیان کوژراون.
رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، کە چاودێریی رەوشی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات رایگەیاندووە، 93%ـی بریندارکردن و کوشتنەکان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بووە.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش داوە، کۆڵبەرێکی منداڵ کوژراوە و 14 برینداریش منداڵن.
مانگی 10 نزیکەی 30 کۆڵبەر بریندار بووبوون، بەڵام بەپێی ئاماری رێکخراوی هەنگاو ئەم مانگە بریداربوون و کوژرانی کۆڵبەر 88 حاڵەت زیادی کردووە.
لەو ئامارە تۆمارکراوەدا پارێزگای سنە بە 93 حاڵەت زۆرترین rێژەی قوربانیبوونی کۆڵبەران و کاسبکارانی تێدا تۆمار کراوە.
دوای ئەویش پارێزگای کرماشان دێت بە 22 حاڵەت.
راپۆرتەکەی رێخکراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئەوەشی تێدا هاتووە، کوشتن و بریندار بوون بە تەقینەوەی مین دوو حاڵەت و رووداوی سروشتی پێنج حاڵەت هەبوون.