فڕۆکە جەنگیەکانی عێراق بۆردومانەکەیان کردووە
لە دوزخورماتوو جموجۆڵی چەند چەکدارێکی رێکخراوی داعش بۆردومان کران
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
کەمێک لەمەوبەر فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق بەچڕی جموجۆڵ و مۆڵگەکانی چەکدارانی داعشیان لە سنووری خورماتوو بۆردومان کردووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە فڕۆکە جەنگیەکانی عێراق، هەریەکە لە ناوچەکانی غەڕەو پەڵکانەیان لەسنوری دوزخورماتوو بۆردومان کرد، بەوتەی بەرپرسانی ئەمنی جموجۆڵی چەکدارانی داعش بینراوە.
عەمید حوسێن عەلی بەڕێوبەری پۆلیسی دوزخورماتوو بە 964ی وت، لەدوای بانگی مەغریبەوە جموجۆڵەکانی چەکدارانی داعش لەو ناوچەیە بینراون، ئەرکی پاراستنی ئەو شوێنانە بە حەشدی شەعبی سپێردراوە، ئەوان فڕۆکە جەنگیەکانی عێراقیان ئاگادارکردووەتەوە بۆ ئەوەی ئەو جموجۆڵە بۆردومان بکەن.
بەڕێوبەری پۆلیسی دوزخورماتوو دەڵێت، نزیکەی نیو کاتژمێرە لەلایەن فڕۆکەی جەنگی عێراقەوە ئەو ناوچەیە بەچڕی بۆردومان دەکرێت و تائێستا زیانەکان نەزانراون.
ناوچەی پەڵکانەو غەڕە بەدوری 10 کیلۆ مەتر دەکەونە رۆژهەڵاتی قەزای دوزخورماتوو، لەساڵی 2014-ەوە ئەو دوو ناوچەیە بەردەوام چالاکی چەکدارانی رێکخراوی داعشی لێ بینراوە ئەمەش بەوتەی بەرپرسانی ئەمنی ناوچەکە.
تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە دەنگی فڕۆکەی جەنگی لە ئاسمانی دوزخورماتوو دەبیسترێت.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی
