لە رۆژئاوای کوردستان 10 کرێکاری کێڵگەیەکی نەوتی کوژران
964+
هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی
لە پەلامارێکی تیرۆریستیدا بۆسەر سێ ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی کرێکاران لە کێڵگەی نەوتی تەییم لە دێرەزووری رۆژئاوای کوردستان، 10 کرێکار کوژران.
رامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، هێرشەکە بە تەقینەوەى چەند بۆمبێکی چێندراو دەستیپێکرد و دواتر چەند چەکدارێک تەقەیان لە پاسی گواستنەوەی کرێکارەکان کردووە.
ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی سوریا (SANA) بڵاویکردەوە، بەهۆی هێرشەکە دوو کەسی دیکەش بریندار بوون.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ داعش بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، بە چەکی سوک و مامناوەند تەقەیان بە ئاڕاستەی سێ ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی کرێکارەکان کردووە.
وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکانی سوریاش پەلامارەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، ئەو ئۆتۆمبێلانەی کراونەتە ئامانج سەر بە کۆمپانیای فوراتن بۆ نەوت.
ئەم پەلامارە لەکاتێکدایە کە یەک رۆژە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، ئۆپراسیۆنێکیان لە دژی داعش دەستپێکردووە.
ئۆپراسیۆنەکە ناوی “رەشەبای جەزیرە”ی لێنراوە و هەسەدە دەڵێت، ئامانجی کێوماڵکردنی ئەو ناوچانەیە کە داعش بەکاریهێناون بۆ هێرشە تیرۆریستییەکانی ئەم دواییەی سەر بەندینخانەی رەققە.
رۆژی دووشەممە، 26ی کانونی یەکەم، لە هێرشێکی داعشدا بۆ ئازادکردنی چەند چەکدارێکی رێکخراوەکە لە زیندانی رەققە، شەش چەکداری هەسەدە کوژران.